هەولێر و مەنامە لەسەر گرنگیی پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان هاوڕا بوون

شای بەحرەین لە کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ستایشی پێشکەوتن، ئاوەدانی و دۆخی ئارامی و پێکەوەژیانی هەرێمەکەی بە ڕێبەرایەتیی ژیر و حەکیمانەی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد. هاوکات ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانیی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا، دەربڕی.

سێشەممە 10ی کانوونی یەکەمی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆشکی سافرییە لە مەنامە، لەگەڵ شا حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە، شای بەحرەین، کۆ بووەوە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە "شای بەحرەین، ستایشی پێشکەوتن و ئاوەدانی و دۆخی ئارامی و پێکەوەژیانی هەرێمی کوردستانی بە ڕێبەرایەتیی ژیر و حەکیمانەی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد و ئامادەیی شانشینی بەحرەینی بۆ پشتیوانیی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا، دەربڕی."

بە پێی ڕاگەیەندراوەکە "هەردوولا هاوڕابوون و ڕێککەوتن لە سەر گرنگیی پتەوکردنی پەیوەندییەکان و کردنەوەی کونسوڵخانەی بەحرەین لە هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی گەشتی ڕاستەوخۆی مەنامە-هەولێر لە ئایندەدا."

سەرۆکی حکوومەت، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانیی و هاریکاریی بەحرەین نیشان دا."