تورکیا هەوڵی ناردنەوەی پەنابەرانی سووری بۆ وڵاتەکەیان دەدات

تورکیا بە دوای دۆزینەوەی چارەیەکە بۆ ئەوەی پەنابەرانی سووریا بگەڕێنێتەوە وڵاتی خۆیان. سەرۆک کۆماری تورکیا دەڵێت: "ئامادەکاریی تەواو بۆ گەڕاندنەوەیان دەکرێت." ئۆپۆزیسیۆنیش ڕەخنە لەوە دەگرێت "پلانێکی ڕوون نییە بۆ گەڕاندنەوەیان." 

لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد و حیزبی بەعس لە سووریا، تورکیا دەیەوێت پەنابەرانی ئەو وڵاتە بە شێوەیەکی خۆبەخشانە و شکۆمەندانە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان، بەڵام شێوازی گەڕاندنەوەیان و ئاییندەی ئەوانەی ڕەگەزنامەی تورکیایان وەرگرتووە، نادیارە. 

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەو بارەوە ڕایگەیاند: "لەگەڵ سەقامگیریی باری سیاسیی سووریا، گەڕانەوەی پەنابەران بەشێوەی خۆبەخشانە و شکۆمەندانە زیاتر دەبێت. بە بۆچوونی من، حەسرەتی 13 ساڵەی برایانی سووریامان بۆ نیشتمانی خۆیان هێدی هێدی کۆتایی دێت، سەردەمێک تەواو بووە و سەردەمێکی دیکە لە سووریا دەستی پێ کردووە."

لە بەرانبەردا ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا، پەرلەمانەوە ڕایگەیاند: "پێویستە پلانێکی گشتگیر بۆ گەڕاندنەوەی سوورییەکان ئامادە بکرێت. ئەمڕۆ پەنابەران لە گۆڕەپانەکانەوە خۆشی و شادیی خۆیان دەردەبڕن، ئەگەر ئەم دەربڕینە بۆ گەڕانەوەیان بێت، بێگومان ئێمەش ئامادەین بەشداریی ئەو دەربڕینانەیان بین. سەرەکیترین پرسیار ئەوەیە، پەنابەرانی سووری چۆن ڕەوانەی وڵاتی خۆیان دەکرێنەوە؟"

 زۆرترین پەنابەری سووری لە تورکیان کە ژمارەکەیان دوو ملیۆن و 935 هەزار و 742 کەسە. هاوکات، 238 هەزار و 768 پەنابەری سووری ڕەگەزنامەیان وەرگرتووە. پێش ڕووخانی بەشار ئەسەد، ئەمساڵ 114 هەزار و 83 کەس گەڕاونەتەوە وڵاتی خۆیان، سەرەڕای کردنەوەی دەروازەی سنووری یایلیداغ بۆ گەڕانەوەی پەنابەران، نازانرێت تا چەند ویستیان لەسەر گەڕانەوە هەیە و ئایا ئەو شوێنانەی کە بۆی دەگەڕێنەوە، گونجاوە بۆ ژیان و گوزەران یان نا؟