خاچی سوور خانەوادەی بێسەروشوێنەکانی سووریا ئاگادار دەکاتەوە
لیژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتی داوای لە بنەماڵەی بێسەروشوێنەکانی سووریا دەکات، لە ڕێگەی هەڵکەندنی گۆڕەوە هەوڵی دۆزینەوەی تەرمی کەسوکاریان نەدەن، چونکە ڕەنگە ببێتە ڕێگر لە پرۆسەی ناسینەوەی بێسەروشوێنان.
کریستیان کاردۆن، گوتەبێژی لیژنەکە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس ڕایگەیاندووە، "دۆسیەی بێسەروشوێنەکان، مەبەستمان تەنیا ئەمڕۆ نییە، بەڵکو بۆ داهاتووشە ".
ڕوونیشیکردەوە، دەزانین سوورییەکان خواستێکی زۆریان هەیە بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئازیزانیان، کە لە ساڵانی جەنگەوە تاکوو ئێستە بێسەروشوێن بوون یان دەستگیر کراون و هیچ هەواڵێکیان دەربارەیان نەبووە، بۆیە باشتروایە پشت ببەستن بە پزیشکی دادوەری بۆ ئەوەی بتوانن تەرمەکان بناسرێنەوە، هەرچەندە ئەو پرۆسەیە تۆزێک ئاڵۆزە، بەهۆی ئەوەی ئەو کەسانە زۆر ئەشکەنجە دراون.
کاردۆن ئاماژەی بەوەش دا، لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور داوای پاراستنی ئەو دۆسییانە دەکات کە ناوی هەزاران زیندانی و هەزاران کەسی تێدایە، کە ڕەنگە گیانیان لەدەستدابێت".
لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی: خواستێکی زۆر هەیە بۆ پاراستنی زانیارییە گرنگەکان، لە فەرمانگە کارگێڕییەکان و زیندانەکان و شوێنەکانی دەستبەسەرکردن لە سەرانسەری ئەو وڵاتەدا.
ڕاشیگەیاند، لە سووریا ئەمڕۆ هەرکەسێک دەسەڵاتی هەیە دەبێت بزانێت باڵەخانەکان و دامەزراوەکان پارێزراوبن .
ئاماژەی بەوەش کرد، لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور لە پەیوەندیدایە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سوریا.
هەروەها تیمەکانی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە شەقامەکانی سووریا لە نزیک ناوەندەکانیی دەستبەسەرکردن ئامادەن بۆ وەرگرتنی زانیاری لەگەڵ دەستگیرکراوان و خێزانەکانیان بە ئامانجی بەدەستهێنانی زانیاری.