ئەمەریکا 20 ملیار دۆلاری بۆ ئۆکرانیا تەرخان کرد

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، 20 ملیار دۆلاری بۆ ئۆکرانیا تەرخان کرد، ئەمەش لە چوارچێوەی دەستپێشخەری قەرزکردنی داهاتی خێرای گرووپی حەوتە. تاوەکو ئێستە ئەو قەرزانەی کە گرووپەکە پێشکەشی ئۆکرانیای کردووە گەیشتووەتە 50 ملیار دۆلار.

جانێت یەلین، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "ئەم پارانەی بۆ ئۆکرانیا دابین دەکرێت، لە داهاتی بلۆککراوی ڕووسیایە، کە دەبێتە پاڵپشتییەکی گرینگ بۆ ئۆکرانیا، بەمەش ئۆکرانیا دەتوانێت بەرگری لە خۆی بکات لەشەڕی ڕووسیا."

وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش کردووە "لەڕێگەی ئەم دەستپێشخەرییەوە گرووپی حەوت دڵنیای دەدات لەوەی ئۆکرانیا سەرچاوەی پێویست وەردەگرێت بۆ پشتگیری زمەتگوزارییە فریاگوزاریەکان و نەخۆشخانەکان و ژێرخانی بنەڕەتی."

یەلین گوتیشی: "پوتین گرەو لەسەر ماندوێتی و کشانەوەی ئێمە دەکات، بەڵام لە ڕێگەی سیاسەتی داهێنەرانە و یەکگرتوویی گرووپی حەوتەوە پەیامێکی بێ دوودڵی دەنێرین کە ڕووسیا تێچووی ئەم شەڕە لە ئەستۆ دەگرێت."

لە شوباتی ساڵی 2022، ڕووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا، دوای ئەوە وڵاتانی گرووپی حەوت هەنگاوی بوێرانەیان ناوە بۆ بلۆککردنی سەروەت و سامانی ڕووسیا لەدەرەوە، هەروەها بەڵێنیان دا تا مۆسکۆ دەستدرێژییەکانی ڕادەگرێت و قەرەبووی ئۆکرانیا نەکاتەوە، سەروەت و سامانی ڕووسیا ئازاد ناکرێت.

لە چوارچێوەی ئەم بەڵێنەدا، ئەمەریکا 20 ملیار دۆلاری گواستەوە بۆ سندوقی فۆرتیس لە بانکی جیهانی، کە بۆ پاڵپشتیکردنی سەقامگیری سیستەمی دارایی ئۆکرانیا تەرخان کراوە.