کوردستان24 دەچێتە سنووری سووریا و لوبنان
پەیامنێری کوردستان 24، دیلان بارزان لە دەروازەی مەسنەع، دەروازەی سەرەکی نێوان سووریا و لوبنان گواستییەوە، دەروازەکە هەڵگیراوە و هیچ ڕێکارێک بۆ هاتوچۆی خەڵکی نێوان سووریا و لوبنان نەماوە، چەکدارانی تەحریر شام هەموو ئاسانکارییەک بۆ هاتوچۆی خەڵکی هەردوو وڵات دەکەن.
پێنجشەممە 12ـی کانوونی یەکەمی 2024، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە دەروازەی مەسنەعی نێوان سووریا و لوبنان ئاماژەی بەوە کرد، بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی سووریا بچنە لوبنان، هاوکات هاووڵاتییانی لوبنان بچنە سووریا، بەشێکی زۆری دەروازەکان لەگەڵ لوبنان کراونەتەوە و ئاسانکاریی بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان دەکرێت، لە پێنج ڕۆژی ڕابردووشدا دەروازەکان زۆر قەرەباڵغ بوون بەهۆی گەشتی هاووڵاتییانەوە لەنێوان هەردوولادا.
شوفێرێکی سنوورەکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دۆخی دیمەشق زۆر ئاساییە و نایابە، هیچ کێشەیەک نییە، لەنێوان لوبنان و سووریا خەڵک هاتوچۆ دەکەن ، گوتی: لە ڕۆژی یەکەمی گۆڕانکارییەکاندا هاتوچۆ نەبوو، بەڵام لە ڕۆژی دووەمدا گەشتەکان لە سووریاوە بۆ لوبنان دەستی پێکرد، ئافرەتان دەتوانن بە تەنها لەو ڕێگەیەوە گەشت بکەن، من بە ئۆتۆمبێلی خۆم بۆ هەر خاڵێک بمەوێت، دەتوانم بچم.
شوفێرێکی دیکەی سنووری نێوان سووریا و لوبنان خەڵکی دەرعایە و دەڵێت: وەک ئەوەی لە ئەورووپا بین، دۆخەکە زۆر ئاسایی بووەتەوە، هیچ شتێک نییە بێتە کێشە و ڕێگەگرتن لە خەڵکی، هەندێ کێشەی غاز و کارەبامان هەیە، بەڵام دۆخی ئاسایش زۆر باشە، دۆخی کارەبا و غازەکەش چارەسەر دەبێت، دەشڵێت: هاتوچۆی خەڵکی لەنێوان سووریا و لوبنان ئاساییە.
گەشتیارێکی دەرعاش بۆ لوبنان گوتی: دۆخەکە ئاسایی بووە و سووریا بە تێکڕا ئازاد بووە، گەشت بۆ لوبنان دەکەین.