قائانی گەیشتە بەغدا و لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان کۆبووەوە
فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی ئیسماعیل قائانی ئەمڕۆ ئێوارە گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق، ئەو سەردانەشی دوای گۆڕانکارییەکانی سووریا دێت، کە کۆتایی بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی سەر بە سوپای پاسداران، گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق، بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەکی هەواڵ، قائانی لەگەڵ چەند گرووپێکی چەکداریی کۆبووەتەوە و لەبارەی گۆڕانکارییەکانی سووریا گفتوگۆی لەگەڵ کردوون، بەڵام تەواوی سەرکردەکانی شیعەی وەک هەر سەردانێکی پێشوو نەبینووە، بە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەو چەند سەرکردەیەی گرووپە چەکدارەکان، قائانی ئەجێندای سەردانەکەی جێبەجێ کردووە.
سەرچاوەکان ئاشکرای دەکەن، گرووپە چەکدارەکان بە ئیسماعیل قائانیان ڕاگەیاندووە، پابەندن بە هەڵوێستی بێلایەنی عێراق لەو دۆخەی لە ناوچەکە هاتووەتە پێشەوە، ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەوان نایانەوێت بەرەیەکی نوێی شەڕ بکەنەوە، تەنیا مەبەستیانە عێراق لە هێرشەکانی ئیسرائیل بپارێزن.