فەرماندەی سووپای پاسداران: باڵی هەرێمیمان نەشکاوە

حوسێن سەلامی
حوسێن سەلامی

فەرماندەی سووپای پاسدارانی ئێران بەرگریی لە کشانەوەی سووپاکەی دەکات لە سووریا، دەڵێت: پێویستە خۆمان لەگەڵ گۆڕانکارییەکان و بارودۆخەکان بگونجێنین، ئەو گوتانەی فەرماندەی سووپای پاسداران دوای ڕووخانی دیارترین هاوپەیمانیی ئێران لەناوچەکەدا هات کە بەشار ئەسەد بوو.

پێنجشەممە 12ـی کانوونی یەکەمی 2024، حوسێن سەلامی،  فەرماندەی سووپای پاسدارانی ئێران گوتی: دەتوانم بە شانازییەوە پێتان بڵێم، دوا کەس کە گۆڕەپانی شەڕی لە سووریا و دیمەشق بەجێهێشت، یەک لە سەربازەکانی سووپای پاسداران بووە، گوتیشی: ناتوانین چەند کێشە و پرسێک بەیەکەوە و لە یەک کاتتدا لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەکە چارەسەر بکەین.

سەلامی ئاماژەی بەوە کرد، ئێران هەوڵیدا هەموو ئاسانکارییەکی لەدەستی دێت، پێشکەشی سووریای بکات، گوتیشی: پێویستە لەگەڵ بارودۆخە نوێیەکە بگونجێین، دەڵێت: تەواوی ئەو ڕێگایانە دەچنەوە سووریا، لەبەردەممان داخراوە.

فەرماندەی سووپای پاسدارانی تیشکی خستە سەر ئەوەی، زۆرێک پێیان وابوو ئێران لە بری سووریا شەڕ لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان دەکات، دەشڵێت: باڵی هەرێمیمان نەشکاوە.