کتێبخانەی ئەسەد کرایە کتێبخانەی نیشتمانیی
هونەرمەندانی سووریا داوایەکی بەپەلە دەکەن بۆ پاراستنی دامەزراوە هونەری و ڕۆشنبیرییەکانی وڵاتەکەیان، یەکەم کاری دەسەڵاتی نوێی سووریا، گۆڕینی ئەو ناوانە بوو کە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بەسەر ناوەندە ڕۆشنبیریی و هونەرییەکان سەپاندبووی، لەوانەش، کتێبخانەی نیشتمانی بەناوی کتێبخانەی ئەسەد.
ژمارەیەک لە هونەرمەندانی سووریا لە پێگەی کۆمەڵایەتی خۆیان، داوای بەپەلە دەکەن بۆ پاراستنی دامەزراوە هونەری و ڕۆشنبیرییەکانی وڵاتەکەیان، ئاماژەشیان بەوە کرد ، هونەرمەندان و ڕۆشنبیران خۆیان بەرپرسیارن لە پاراستنی دامەزراوەکانیان و کەلەپوور و شارستانیەتیان کە گوزارشت لە مێژووی هونەریی و ڕۆشنبیریی وڵاتەکەیان دەکات.
نووسەر و دەرهێنەری شانۆیی سووریا سامر محەمەد ئیسماعیل ڕایگەیاند: ئەمڕۆ سووریا گەڕایەوە بۆ ڕووی ڕاستەقینەی خۆی، ڕووی ئازادی، ڕووی سەربەخۆیی لەهەر ڕژێمێک کە هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی سووریا بدات، گوتی: ئەمڕۆ ناوی ماڵی ئۆپێرا گۆڕا بۆ ماڵی دیمەشق، کتێبخانەی نیشتمانی کە بەناوی ئەسەد کرابوو کرایەوە ناوە ڕاستەقینەکەی خۆی، دەشڵێت: ڕژێمی ڕووخاوی سووریا هەوڵی دەدا ناوی ناوەندە هونەری و ڕۆشنبیرییەکان بگۆڕێت، بەڵام ئەمڕۆ سوورییەکان دەیانەوێت سووریایەکی نوێ دروست بکەنەوە دوور لە دەستی هەر ڕژێمێکی سەرکووتکار و هەوڵی ئەوەی دەدا ئەو ناوەندە ڕۆشنبیریی و هونەرییانە بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکار بێنێت.
سامر گوتی: ئێمە ژمارەیەک لە ڕۆشنبیران و نووسەران و هونەرمەندانی سووریا داوا دەکەین ئەو ناوەندانە بپارێزرێن لە دەستی تێکدەران، گوتیشی: دەستەی شۆڕش و دەستەی تەحریر شام دووپات لە پاراستنی ئەو ناوەندانە دەکەنەوە، دەمانەوێت ئەو ناوەندانە ببن بە سیمبووڵی سووریا و خەڵکی سووریا کە ئاوێنەی سووریا و خەڵکەکەیەتی.