پێنتاگۆن: کاری لە پێشینەمان پاراستنی هێزەکانمانە لە سووریا
جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن، ڕایگەیاند، واشنتۆن چاودێری ڕووداوەکانی سووریا دەکات، هەروەها گەلی سووریا دەرفەتێکیان هەیە بۆ کردنەوەی ڕێگەی داهاتووی خۆیان.
سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن، گوتی "کاری لە پێشینەی واشنتۆن، پاراستنی هێزەکانییەتی لە سووریا و دەستەبەرکردنی هەوڵە بەردەوامەکانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، لە هەمان کاتدا هاندانی سووریایە بۆ وڵاتێکی سەربەخۆ".
ئەو بەرپرسە ئەمەریکییە دەشڵێت: "پەیوەندیمان لە ڕێگەی ناوبژیوانانەوە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هەیە، دەشڵێت "ئێمە بۆ ناردنی پەیام بۆ دەستەی تەحریر شام ڕێگەی دیکەمان هەیە".
جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن ئاماژەی بەوەش کرد، "لە بەرژەوەندی نەتەوەیی ئێمەدایە کە سووریا لەم قۆناغەدا وەک وڵاتێکی سەقامگیر و سەلامەت و خاوەن سەروەری بێت، گەلی سووریاش قسەیان هەبێت لە دیاریکردنی داهاتووی خۆیان، هەروەها بەرژەوەندیی ئاسایشی نیشتمانیمان ئەوەیە داعش توانای قۆستنەوەی دۆخەکەی نەبێت، بۆیە هیچ گۆڕانکارییەک لە نێو هێزەکانمان لە سووریادا نییە".
دوێنێ پێنجشەممە، دوای چوار ڕۆژ لە ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا بەڵێنیان دا کە "دەوڵەتی یاسا" دابمەزرێنن.