وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە بەغدا: پێویستە عێراق هێزەکانی تۆکمە بکات

سەردانی بلینکن بۆ بەغدا
سەردانی بلینکن بۆ بەغدا

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر پرسی سووریای نوێ، گەیشتە بەغدا و جەختی لە پاراستن ئاسایش و سەقامگیری عێراق کردەوە. 

ئەمڕۆ هەینی 13ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، بە سەردانێکی ڕانەگەیەنراو گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق و لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە کۆ بووەوە.

بلینکن جەختی لە پاراستن ئاسایش و سەقامگیری عێراق کردەوە و گوتی: پێویستە حکوومەتی عێراقیش سەروەری وڵاتەکەی بپارێزێت و هێزەکانی تۆکمە بکات. لە بارەی سووریای نوێ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، پێویستە حکوومەتێکی گشتگیر لە سووریا دابمەزرێنرێت کە نوێنەرایەتی سەرجەم پێکهاتەکان بکات.

هاوکات ئاماژەی بەوە دا، ئەمەریکا پابەندە بە کاری هاوبەش لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە بواری ئاسایش لە پێناو پاراستنی سەروەری عێراق و دڵنیابوونەوە لەوەی کە سەروەریی وڵاتەکەی دەپارێزێت.

ناوبراو گوتیشی: واشنتن یارمەتیدەر دەبێت لە ڕێگرتن لە سەرهەڵدانەوەی ڕێکخراوی داعش، بەتایبەت دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد.

بلینکن ئەمجارە لەسەر چارەنووسی سووریا لە دوای ڕووخاندنی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد گەڕاوەتەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یەکەم وێستگەی سەردانەکەشی لە ئوردنەوە دەست پێکرد و ئێوارەی دوێنێکەش چووە تورکیا و لە فڕۆکەخانەی ئەنقەرە لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کۆبووەوە.

هەروەها ئەمڕۆ هەینی بەر لەوەی لە تورکیا کۆتایی بە سەردانەکەی بهێنێت، لەگەڵ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە لە بارەی دۆخی ئێستای سووریا کۆبووەوە.

بڕیاریشە سبەی شەممە، لە ئوردن، کۆبوونەوەی فراوانی وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریکا، تورکیا، عێراق و وڵاتانی دیکەی عەرەبی، کۆمکاری عەرەبی و نوێنەرانی هەریەک لە ڕێکخراوی یەکێتیی ئەورووپا و هاوپەیمانی ناتۆ بەڕێوە بچێت.