سوورییەکان دوای نوێژی هەینی یەکەم ئاهەنگی ئازادیان گێڕا
هەزاران سووری ئەمڕۆ هەینی، 13ـی کانوونی یەکەمی 2024، دوای نوێژی بە کۆمەڵ لە گۆڕەپانی ئەمەوی، کە گەورەترین گۆڕەپانی دیمەشقی پایتەختی سووریایه کۆبوونەوە و یەکەم ئاهەنگی ئازادبوونیان لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد گێڕا.
نوێژی هەینی لە شۆڕشی سووریادا سیمبۆڵێکی تایبەتی هەیە و ڕیشەکەی بۆ ساڵی 2011 و ڕاپەڕینی گەلانی سووریا دەگەڕێتەوە، کە لە زۆربەی شارەکاندا، خەڵکی سووریا دوای نوێژی هەینی دەچوون لە مزگەوتەکان خۆپیشاندانیان لە دژی ڕژێمەکەی سەرۆکی سووریا دهكرد.
ئەحمەد شەرع، ناسراو بە ئەبو محەممەد جۆلانی، سەرکردەی یاخیبووان کە ئەسەدی ڕووخاند، لە هێرشێکی 10 ڕۆژەدا بەرەو دیمەشق، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا دەرکەوت و پیرۆزبایی لە گەلی سووریا کرد بۆ سەرکەوتنی "شۆڕشە پیرۆزەکه".
ئەمڕۆکەش ئاهەنگێڕانی گۆڕەپانی ئەمەوی دیمەشق، کە لە ئیدلب و چەند شارێکی دیکەی سووریاوە ڕوویان لە پایتەخت کردووە، هاواریان بۆ بونیاتنانی سووریایەکی یەکگرتوو دەکرد، لەگەڵ ئەم پەیامەشدا جنێویان بە بەشار و ئەسەدی باوکی دەدا.
وهردان عۆن کە خۆی بە چەکدارێکی خەڵکی ئیدلب ناساند بە ئاژانسهكانی ههواڵی گوت: "ئێستا حکوومەتێکی باش هەیە و پەنا بە خوا کۆتایی بە گەندەڵی هاتووە."
هاوكات خالید ئەبو شەهینـی 51 ساڵ و دانیشتووی کەفر شەمس لە پارێزگای دەرعای باشووری سووریا، گوتی: "هیوای ئازادی و پێکەوەژیان لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی سووریا بە عەلەویی، سوننە، شیعە و درووزەکان دەخوازم".
خالید ئەبو شەهین گوتیشی: "ڕژێمە ڕووخاوەکەی سووریا تەنیا تاوان و لەسێدارەدانی دەزانی"، داواشی لە وڵاتان کرد داڵدەی تاوانباران نەدەن و ڕادەستی سوویایان بکەنەوە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.