جەمال کۆچەر: حكومەتی عێراق ھەموو ھەوڵێك دەدات مووچەی فەرمانبەران نەبڕێت

"داهاتی دەروازەکان کەمترە لە دوو ملیار دۆلاری ساڵانە"

K24 - ھەولێر

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، حکومەتی عێراق هەموو هەوڵێک دەدات مووچە فەرمانبەران و خانەنشینان نەبڕێت و قەیرانی داراییش کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبێت.

جەمال کۆچەر، بە كوردستان24ی گوت: "یەکێک لەو هەنگاوانەی حکومەتی عێراق گرتوویەتیەبەر، جێگیرکردنی دژەتیرۆرە لە دەروازە سنوورییەکان، چونکە گەندەڵییەکی زۆری تێدا ئەنجام دەدرێت و ساڵانە ملیاران دۆلار لە دەروازەکانەوە بە گەندەڵی بەهەدەر دەدرێن و ناگەڕێنەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت".

گوتیشی: "لە لیژنەی دارایی داوایان کردبوو کە کاری دەروازە سنوورییەکان رێکبخرێنەوە، چەندین جۆر گەندەڵی تێدا ئەنجام دەدرێن، بۆ نموونە لە شەش دەروازەی فەرمی لە خواروو ناوەڕاستی عێراق لە دوای دەوامی فەرمی دەروازەکان لەلایەن حەشدی شەعبی و میلیشیاکانەوە بەڕێوەدەبرێن، یاخود لە کاتی دەوام هەماهەنگی لەنێوان بەرپرسە حزبی و میلیشیاکان لەگەڵ بەڕێوەبەرانی دەروازەکان هەیە، بۆ ئەوەی کاڵای خراپ و ماوە بەسەرچوو هاوردە بکرێن، هەروەها هەماهەنگی هەیە لە نێوان کارمەندانی دەروازەکان لەگەڵ بازرگانان یاخود بەرپرسە حیزبییەکان، کە دەستکاری جۆری کاڵا و کێشەکانیان دەکرێت و کاڵای خراپ و ماوە بەسەرچووی لێ هاوردە دەکرێن".

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا: "داهاتی دەروازە سنوورییەکان بە گشتی 12 بۆ 16 ملیار دۆلارە ساڵانەیە، بەڵام لەو بڕە کەمتر لە دوو ملیار دەگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت، ساڵانە 10 بۆ 12 ملیار دۆلار گەندەڵی لە دەروازە سنوورییەکان دەکرێت و بە هەدەر دەدرێن".