تەرمی ئەو دایک و کچەی لە دەریای ئیجەدا خنکابوون لە ڕاپەرین بە خاک سپێردران

شەممە، 14ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئاراس ئەمین، پەیامنێر، لە ڕێوڕەسمی بەخاک سپاردنی ئەو دایک و کچەی لە دەریای ئیجەدا خنکابوون، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کاتژمێر 3:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەرمی نایلە ئەحمەد مستەفا و نوور ی کچی،  لە گۆڕستانی گەورەی سەروچاوە لە سنووری ڕانیە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر 8:00 تەرمەکان گەڕێنرانەوە زێدی لەدایکبوونی خۆیان لە سەروچاوە، پاشان نوێژی مردوویان لەسەر کراو لە گۆڕستانی سەروچاوە، نایلەی تەمەن 36 ساڵ و کچە 10 مانگییەکەی لە تەنیشت یەک بەخاک سپێردران.

ڕووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ شەوی 27 لەسەر 28ـی تشرینی دووەمی 2024، دوای ئەوەی بەلەمێکی کۆچبەران بە شێوەیەکی نایاسایی لە تورکیاوە بەرەو یۆنان دەڕوات و وەردەگەڕێت، 33 کەس لە بەلەمەکەدا دەبێن لە ئەنجامدا پێنج کەس گیان لە دەست دەدەن، سێ کەسیان ئەفغانستانی و دووانیان خەڵکی باشووری کوردستان بوون، خنکان.

باوکی منداڵەکە دەڵێت: "قاچاخچی فێڵی لێمان کرد، چونکە ڕێککەوتووین لەسەر ئەوەی بەلەمەکە تەنیا 15 کەس بگوێزیتەوە، بەڵام ئەو 33 کەسی سەرخست."

دوای پشکنینی "دی ئێن ئەی" تەرمەکان، باوکەکە تەرمەکانیانی وەرگرتەوە و گەڕێنرانەوە هەرێمی کوردستان.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە 46 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان لە کاتی کۆچیی نایاسایی بەرەو وڵاتانی ئەورووپا، لە  دەریای سپیی ناوەڕاست و ئیجەدا خنکاون، لەو ژمارەیەش تەرمی 14 کەسییان تاکوو ئێستە نە دۆزراوەتەوە.