پەرلەمانی کۆریای باشوور دەنگی بە دوورخستنەوەی سەرۆکی وڵات دا
ئەمڕۆ شەممە، 14ـی کانوونی یەکەمی 2024، پەرلەمانی کۆریای باشوور دەنگی بە دوورخستنەوەی یۆن سوک یۆل، سەرۆکی وڵات دا، ئەمەش بەهۆی هەوڵە شکستخواردووەکەی بووە بۆ سەپاندنی یاسای سەربازی.
204 نوێنەر دەنگیان بە دوورخستنەوەی سەرۆکەکەیان دا، 85 نوێنەریش لە دژی بڕیارەکە بوون، بەپێی ئەو ئەنجامەی سەرۆکی پەرلەمان ڕایدەگەیەنێت، سێ نوێنەر دەنگیان نەداوە، هەروەها هەشت دەنگیش پووچەڵ بوونە. نوێنەرانی پارتی دەسەڵاتدار ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی دەنگ بە دوورخستنەوەی یۆن سوک یۆل، نەدەن.
بەگوێرەی کەناڵی MBC، دادگای دەستووریی وڵاتەکە دەست بە ڕێوشوێنەکانی دەکات و بڕیار دەدات کە ئایا دوورخستنەوەکە جێبەجێ دەکرێت، یاخود یۆن سوک یۆل لە پۆستەکەی دەمێنێتەوە، لەوانەیە شەش مانگ بخایەنێت بۆ ئەوەی کەیسەکە یەکلایی بکرێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، خەڵکی کۆریای باشوور لە سەرتاسەری وڵاتدا ڕژانە سەر شەقامەکان و داوایان لە پەرلەمانی وڵاتەکە کرد سەرۆک لا بدات.