شەش سیاسەتمەداری عێراق: پێش هەر گۆڕانکارییەک پێویستە "دیالۆگێکی ڕاشکاوانە و جیددی"ـی لایەنەکان بکرێت

ئـاڵای عێراق
ئـاڵای عێراق

شەممە، 14-12-2024، ژمارەیەک سیاسەتمەداری دیاری عێراق کە پێکهاتوون لە مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی ئێستەی پەرلەمانی عێراق؛ ئوسامە نوجەیفی، ئەیاد ئەلسەمەڕائی و سەلیم جبوری سەرۆکانی پێشووی پەرلەمان و د.ساڵح موتڵەگ، جێگری پێشووتری سەرۆک وەزیران و حاجم ئەلحوسنی، سەرۆکی پێشووتری ئەنجوومەنی نیشتمانیی فیدراڵی؛ ڕاگەیەنداروێکی هاوبەشیان لەبارەی ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سووریا و لێکەوتەکانی لەسەر عێراق بڵاو کردەوە. 

ئەو سیاسەتمەدارانە، داوا لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکەن "دیالۆگێکی ڕاشکاوانە و جیددی" بکەن پێش ئەوەی هەر هەنگاوێک بەرەو گۆڕانی سیاسی لە عێراقدا بنرێت. ئەوان پێیان وایە "شۆڕشی سووریا و ڕووخانی بەشار ئەسەد، کاریگەری گەورەی لەسەر ناوچەکە هەبوو، ئەمەش وایکرد زۆرێک لە وڵاتان، لەوانەش ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی، پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانیاندا بکەنەوە."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "بەو پێیەی عێراق لەنێو جەرگەی ڕووداوەکاندایە، ڕووبەڕووی تەحەدای گەورە دەبێتەوە، چونکە هەندێک هێزی دەرەکی هەوڵی پاڵنانی دەدەن بەرەو هەندێک گۆڕان کە ڕەنگە سوودی بۆ گەلەکەی نەبێت و ببنە هۆی دووبەرەکی و لاوازی زیاتری حکوومەتی عێراق."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، جەخت لە گرنگیی پاراستنی سەربەخۆیی عێراق و بنیاتنانی پەیوەندییەکی بەهێز و تۆکمە لەگەڵ دراوسێکانی، دوور لە هەر کاریگەرییەکی دەرەکی، کراوەتەوە. لەو چوارچێوەیەشدا ئەو سیاستمەدارانە داوای پتەوکردنی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی عێراق و گەلەکەی دەکەن. 

گفتوگۆی نیشتمانی، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەختی لێ کراوەتەوە "تاکە چارەیە بۆ چاکسازیی لە هەلومەرجی سیاسی و ئابووری عێراق."