نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان، هۆشداریی لە داڕمانی سووریا دەدات

گێر پێدەرسن، نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سووریا، هۆشداری توند لە داڕمانی سووریا دەدات و داوای لە هێزە دەرەکییەکان دەکات، ڕێگریی لە داڕمانی دامەزراوە حکوومەتییەکانی ئەو وڵاتە بکەن. 

لە سەروبەندی کۆبوونەوەکان دەربارەی بارودۆخی سووریای دوای ئەسەد، کە لە ئۆردن بەڕێوە دەچێت و ژمارەیەکی زۆر لە وەزیرانی وڵاتانی عەرەبی و یەکێتیی ئەورووپا بەشدارن، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، پشتیوانیی خۆی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو دەربڕی.

پێدەرسن گوتی: "دەبێت دڵنیایی بدرێت، لەوەی دام ودەزگاکانی حکوومەت نەڕوخێن و یارمەتییە مرۆییەکان بەزووترین کات بگەنە هاووڵاتیانی سووریا. ئەگەر بتوانین ئەمە بکەین، دڵنیام دەرفەتێکی باشیان بۆ دەرخسێنین."

ئوردن، میوانداریی ژمارەیەکی زۆری وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریکا ویەکێتیی ئەورووپا و تورکیا و وڵاتانی عەرەبی دەکات، بۆ گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی سووریا و دواهەمین پێشهاتەکان.

بەرەبەیانی یەکشەممە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، بەشار ئەسەد بە فڕۆکە وڵاتەکەی جێهێشت و هەڵات، ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەستیان بەسەر دیمەشقدا گرت.