ئەنتۆنی بلێنکن: لە سووریای نوێدا پێویستە مافی پێکهاتەکان پارێزراو بێت

ئەنتۆنی بلێنکن
ئەنتۆنی بلێنکن

ئەنتۆنی بلێنکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، دوای کۆبوونەوەی عەبەقە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: پێویستە لە سووریای نوێدا مافی پێکهاتەکان و کەمینە ئاینییەکان بپارێزرێت، دەشڵێت: پێویستە سووریا نەبێتە گۆڕەپانێک بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان، ئاشکرایکرد، پەیوەندیی ڕاستەخۆیان بە دەستەی تەحریر شامەوە کردووە.

شه‌ممه‌، 14ـی كانوونی یه‌كه‌می 2024، وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی ئه‌ندام له‌ لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ وه‌زارییه‌كانی عه‌ره‌بی، کە هه‌ر یه‌ك له‌ وڵاتانی ئوردن، سعوودیه‌، عێراق، لوبنان، میسر و ئه‌مینداری گشتیی كۆمكاری عه‌ره‌بی له‌ خۆ ده‌گرێت و وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌ر یه‌ك له‌ ئیمارات، به‌حره‌ینیش لەگەڵ ئەنتۆنی بلێنکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماده‌ی بوون، له‌ شاری عه‌قه‌به‌ی ئوردن بۆ تاوتوێكردنی پێشهاته‌كانی سووریا كۆ بوونه‌وه‌، دوای کۆبوونەوەکەش ئەنتۆنی بلێنکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: ئێمە لێرە کۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی لەسەر هاوکاریی کردنی گەلی سووریا ڕێکبکەوین و وا لە سوورییەکان بکەین بتوانن لەبەردەم ئاستەنگەکان بووەستنەوە، گوتیشی: سووریا دەبێ ببێت بە وڵاتێکی پڕ سەروەری وەکو ئەوەی خۆیان دەیانەوێت، پەیامی ئێمە بۆ خەڵکی سووریا  ئەوەیە، ئەگەر بیانەوێت سەرکەوتوو بن، ئێمە هاوکارییان دەبین بۆ ئەو سەرکەوتنە.

بلێنکن گوتی: ڕێککەوتنی ئەمڕۆ لە عەقەبە پەیامێکی یەکگرتووی بۆ دەسەڵاتی سووریا هەیە، ئێمە پاڵپشتیی لە قۆناغێکی ڕاگوزەری دەسەڵات دەکەین کە هەموو سوورییەکان لەخۆ بگرێت، لەنێوانیشیاندا پێکهاتە جیاوازەکان، کەمینە ئاینییەکان، تەواوی دامەزراوەکان پێویستە کارا بن و خزمەت بە خەڵکی سووریا بکەن، پێویستیشە سووریا نەبێتە گۆڕەپانێک بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان، نەبێتە هەڕەشە بۆ هاوپەیمانان و جیهان.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە کە،  پێویستە دەسەڵاتی نوێ ئاسایش و ئارامی ناوچەکە بپارێزێت، پێویستە دامەزراوەکان بتوانن زانیاریی کۆ بکەنەوە لەبارەی سوورییە ونبووەکان، ئەوانەشی دەستیان هەبووە لە تاوان، ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە.

بلێنکن تیشکی خستە سەر ئەوەی، ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە هەوڵی خۆی بۆ دزینەوەی ڕۆژنامەنووسە ئەمەریکییەکە، گوتیشی: پێویستە سوورییەکان بەیەکەوە کار بکەن و یارمەتیی یەکتر بدەن، داکۆکی لە بەهاکانی ئەو شۆڕشە بکەن کە باسی لێوە دەکەن.

ئەنتۆنی بلێنکن گوتی: لەو کۆبوونەوانەی لەو ڕۆژانەدا لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە میسر ئەنجاممان داوە، لەسەر ئەوە گفتوگۆمان کردووە، لە غەززەش ڕێککەوتن بکرێت و ئاگر بەست بێتە ئاراوە، ئێمە بێ هەستکردن بە ماندووبون، بەردەوام دەبین لە کارکردن لەسەر ئەو پرسە.

بلێنکن ئاماژەی بەوە کرد، پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە دەستەی تەحریر شامەوە کردووە، لەگەڵ ئەوەی هێشتا ئەو دەستەیە لەنێو لیستی تیرۆری ئەمەریکادایە، گوتی:  لەگەڵ تەحریر شام و لایەنەکانی دیکەش لە پەیوەندیدان، بەڵام هیچ وردەکارییەکی لەبارەی ناوەڕۆکی ئەو پەیوەندییانە ئاشکرا نەکرد.