ئەمەریکا و بەشێکی زۆر لەوڵاتان: دەبێت حکوومەتی سووریا ڕێز لەمافی مرۆڤ و پێکهاتەکان بگرێت

یەکشەممە، 15ـی کانوونی یەکەمی 2024، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەیاننامەیەکی لەسەر کۆبوونەوەی گرووپی عەرەبی و وڵاتانی ئەورووپا و ڕۆژئاوا سەبارەت بە دۆخی سووریا بڵاو کردەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە "کۆمەڵەی پەیوەندیی عەرەبی لەگەڵ وەزیران و نوێنەرانی بەحرەین، فەرەنسا، ئەڵمانیا، قەتەر، تورکیا، ئیمارات و بەریتانیا و ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپا ونوێنەری سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، سەبارەت بە دۆخی سووریا و پێشهاتەکانی کۆ بوونەوە."

بەشداربووان دووپاتیان کردەوە "بەردەوام دەبن لەسەر پشتیوانیی خۆیان بۆ گەلی سووریا، بەتایبەت لەم قۆناغە گرنگەی ئێستا، بۆ بنیاتنانی ئایندەیەکی پڕ هیوا و ئاسایش و ئارامتر."

ئاماژەی بەوەش کرد "پابەندبوونی خۆیان بەو پرەنسیپانە دەربڕی کە پێیان وایە لەم قۆناغە هەستیارەدا، لە بەرژەوەندی گەلی سوریا و ناوچەکە و جیهاندان." هەروەها پێیان وایە "پرۆسەی سیاسی ڕاگوزەر دەبێت بە سەرکردایەتیی سووریا و حکوومەتێکی گشتگیر و ناتایفەگەری بێت. داوایان لە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، بازنەی پرۆسەی سیاسی حکوومەتی ڕاگوزەر فراوانتر بکات." هەروەها پشتیوانیی تەواویان بۆ یەکگرتوویی و یەکپارچەیی خاک و سەروەری سووریا دووپات کردەوە.

هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە "جەختیان لە ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و مافی ئافرەتان و پێکهاتەکان و پاراستنی دامودەزگاکانی دەوڵەت  و بەرژەوەندییەکانی گەلی سووریا و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، کردەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بە هەماهەنگی لەگەڵ دراوسێکانیان بژین، هەروەها دابینکردنی ڕێگەیەکی دروست بۆ یارمەتی مرۆیی و پاراستنی هەموو دامەزراوە دیپلۆماسییەکان و کارمەندانی بیانی، و دەستەبەرکردنی کۆگایەکی سەلامەت بۆ هەڵگرتنی چەکی کیمیایی و ئاسانکاری گەیشتن بە زیندان و دامەزراوەکانی ڕژێم بۆ لێپرسینەوە و دیاریکردنی چارەنووسی ونبووانی سووری و بیانییەکان."

جەختیان لەوە کردەوە "ماوەی داهاتوو تاقیکردنەوەیەکی یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ ئەم بنەمایانە کە لە سەرەوە باسمان کرد. هەروەها جەختیان لە گرنگیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی کردەوە، لەوانەش ڕێگریی لە سەرهەڵدانەوەی هەموو ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان. داوایان کرد کە خاکی سووریا مەترسی بۆ سەر هیچ وڵاتێک نەبێت و پەناگەیەکیش بۆ تیرۆریستان دروست نەکات."