وەزیری ناوخۆی تورکیا: دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد زیاتر لە حەوت هەزار پەنابەر گەڕاونەتەوە سووریا

وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند، دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، زیاتر لە 7 هەزار و 600 پەنابەری سووری لە تورکیا گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.

عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'ئێکس' ڕایگەیاند، "دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، لە 9 تاوەکوو 13ـی کانوونی یەکەم، 7621 پەنابەری سووری بە خواستی خۆیان گەڕاونەتەوە سووریا."

یەرلیکایا گوتیشی: "دوای کۆنترۆڵکردنەوەی حەلەب، ڕۆژانە 100 تاوەکوو 200 پەنابەر دەگەڕانەوە سووریا، بەڵام دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد ژمارەی گەڕانەوەی پەنابەران زیادی کرد، ڕۆژانە 1500 تاوەکوو 1600 کەس دەگەڕێنەوە سووریا."

ڕۆژی یەکشەممە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کۆنترۆڵی دیمەشقیان کرد، بەڵام پێش ئەوەی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بگەنە ناو دیمەشق، لە کاتژمێر 4:50 خولەکی بەیانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی ڕووخاوی سووریا بە فڕۆکە بەرەو ڕووسیا هەڵات.