چین نیوەی نەوتی هەناردەکراوی عێراق دەکرێت

سوودی لە داڕمانی نرخی نەوت وەرگرتووە

K24 - هەولێر

ئاراستەی ھەناردەی نەوتی عێراق لەسەردەمی كۆرۆنا گۆڕانكاری زۆری بەسەردا ھاتووە، لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا عێراق لە بەندەری بەسرەوە كەمترین نەوتی ھەناردەی ھیندستان كردووە، لەبەرامبەریشدا زۆرترین نەوتی ھەناردەی بازاڕەكانی چین كردووە.

بەگوێرەی راپۆرتێكی گۆڤاری فۆربس، لەمانگی رابردوودا عێراق رۆژانە زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 ھەزار بەرمیل نەوتی ھەناردەی چین كردووە، لەكاتێكدا ساڵی رابردوو سەرەڕای ئەوەی خواستی چین بۆ نەوت لە زیادبووندا بوو، كەچی رۆژانە كەمتر لە ملیۆنێک بەرمیل نەوتی لە عێراق كڕیوە.

بەگوێرەی راپۆرتەكەی فۆربس، چین دابەزینی نرخی نەوتی قۆستووەتەوە و ھەوڵی داوە زۆرترین بڕی نەوت لە عێراق بكڕێ و كۆگاكانی پێ پڕبكاتەوە، لەھەمانكاتدا ھەوڵی بووژانەوەی بازاڕ و ئابوورییەكەی دەدات لە رێگەی ھەرزانی نرخی نەوت.
بەگوێرەی ئامارەكانی كۆمپانیای سۆمۆی بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق، لەمانگی ئایاری رابردوودا نەوتی خاوی سووكی بەسرە بەڕێژەی 90%ـی ھەناردەی بازاڕەكانی چین كراوە.

لەھەمانكاتدا بەراورد بە مانگەكانی شوبات و ئادار و نیسان، زۆرترین بڕی نەوتی سووكی بەسرە لەرێگەی بەندەری جەیھانی توركیاوە بۆ بازاڕەكانی چین ھەناردەكراوە.

بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وێبسایتی تانكەر تراك كێرس، بۆ فرۆشتنی نەوت بە تانكەر كە لەرێگەی مانگی دەستكردەوە وێنەی تانكەرە نەوتییەكان دەگوازێتەوە، تانكەرە نەوتییەكانی عێراق بۆ چین رێژەی 44%ـی كۆی ھەناردەكانی نەوت پێكدەھێنن، كە دەگاتە 400 ھەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لەمانگی ئایاردا.

لەهەمان کاتدا بەگوێرەی راپۆرتێكی كیپلەر، لەمانگی رابردوودا ئاستی ھەناردەی نەوتی عێراق بۆ بازاڕەكانی ھیندستان بەكاریگەری داخستنی بازاڕەكانی بەھۆی كۆرۆنا ، 724 ھەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی كەمتر ھەناردەكردووە، بەراورد بە مانگی ئادار و نیسانیش، ھەناردەی نەوتی عێراق بۆ ھیندستان %30 كەمیكردووە.

لەھەمانكاتدا نەوتی سعودیەش بۆ ھیندستان رۆژانە بەنزیكەی کەمتر لە ملیۆنێک بەرمیل نەوت ھەناردەكراوە و، ھۆكاری كەمبوونەوەی ھاوردەكردنیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كۆگا نەوتیەكانی ھیندستان پڕبوون لە نەوت.

وەزارەتی نەوتی عێراق راپۆرتی ھەناردەی مانگی ئایاری بڵاوكردەوە، تێیدا كۆی ھەناردەكانی گەیشتووەتە 3.2 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە و، داھاتەكەشی نزیكەی 2 ملیار دۆلار بووە، لەكاتێكدا لە ھەمان ماوەدا ساڵی رابردوو داھاتی ھەناردەكانی 7 ملیار دۆلاری تێپەڕاندبوو.

 

 

هـ.ر.