ئەندامانی سوپای ڕووخاوی سووریا خۆیان ڕادەست دەکەنەوە

ئەنوەر عەبدوللـەتیف، پەیامنێری کوردستان24 لە سووریا ڕایگەیاند، لە پارێزگای تەرتوس، سەدان کەس کە سەرباز و ئەفسەری ڕژێمی ئەسەد بوون، ڕیزیان بەستووە بۆ ئەوەی خۆیان لەگەڵ ئیدارەی فەرماندەی ئۆپەراسییۆنە سەربازییەکان یەکلایی بکەنەوە و چارەی دۆسیەکانیان بکەن.

ئەفسەرێکی پێشووی سوپای سووریا بەناوی فیراس هاشم، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "من ئەفسەری سوپای سووریا بووم، لەشەڕدا بووم، بەڵام ئەمڕۆ هاتوومەتە ئێرە و خۆمان ڕادەست دەکەین و دۆسییەکانمان دادەخەین.ئێمە لەگەڵ هاووڵاتیان باش بووین و بەهیچ شێوەیەک کێشەمان دروست نەکردووە."

ئەو سەربازانەی ڕژێمی ڕووخاوی ئەسەد، لە لایەن فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانەوە ناویان تۆمار دەکرێت و ئەستۆپاکییان بۆ دەکرێت و ئیمزاشی لەسەر دەکرێت. 

ئەفسەرێکی دیکە کە پلەکەی عەمید بووە لە سوپای سووریا، بەناوی عیسام گوتی "من لە ئەکادیمیای سەربازی بووم، لەکەرتی دەریایی، کاتێک فەرمانیان پێکردین شەڕ لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن بکەین، بەڵام ئێمە هەڵاتین و سوپامان جێهێشت و شەڕمان نەکرد، خەڵکیش بەشیوەیەکی باش مامەڵەیان لەگەڵ کردین".

ئاماژەی بەوەش کرد "ئێمەیان ناردە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ ئەوەی ئەستۆپاکیمان بۆ بکەن، بۆیە منیش هاتووم کارتێکی ئەستۆپاکیم بۆ دەکەن دۆسیەکەم دادەخرێت."

خالید موسا، یەکێک لە بەرپرسەکانی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان ڕایگەیاند "ئەمڕۆ ناوی ئەوانەی هاتوونەتە ئێرە و لە سوپا خزمەتیان کردووە تۆمار دەکەین، کە ئەفسەر و جێگری ئەفسەر و سەربازی تێدایە."

گوتیشی "ئێمە کارتێکییان بە وێنەوە بۆ دەردەکەین و چۆنیەتی خزمەتکردنیان تۆمار دەکەین کە لە چ بەشێک یان لە چ شوێنێک خزمەتیان کردووە، کە هەموو زانیارییەکی لەسەرە و دەتوانێت هاتوچۆی پێ بکات، دوای چوار ڕۆژیش دێتەوە کارتی هەمیشەیی پێ دەدەین، دواتریش سەرکردایەتی بڕیاریان لەسەر دەدات."