ئەنجامى وەرگرتنى قوتابیان لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان ڕاگەیەنرا

دووشەممە، 16ـی کانوونی یەکەمی 2024، وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى، ئەنجامى وەرگرتنى دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی خوێندنی (2024- 2025) ڕاگەیاند.

وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "لە ئێستاوە پێشکەشکاران دەتوانن لەڕێگەى لینکى (mhe-privatestudy.com) ئەنجامەکانیان وەربگرنەوە".

ئاماژەی بەوەش کرد، "ڕاگەیاندنى ئەنجامى وەرگرتنى قوتابیان لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمی کوردستان، هاوکاتە لەگەڵ بڕیارى وەزارەتى خوێندنى باڵا وتوێژینەوەى زانستى تایبەت بە کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمی کوردستان، کە ساڵانە بەڕێژەى (10 بۆ 20%) کەم دەکرێتەوە، ئەمەش لەپێناو لەبەر چاوگرتنى بارى دارایى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستانە."
پێشکەشکارانى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان لە هەرێمى کوردستان، لە ئێستاوە دەتوانن لەڕێگەى ئەو لینکەی سەرەوە ئەنجامى وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان بە کۆدى تاقیکردنەوەکانیان وەربگرنەوە،

ڕوونیشی کردەوە "پێویستە وەرگیراوان لەماوەى سێ ڕۆژدا پەیوەندى بە شوێنى وەرگرتنیان بکەن، ئەگینا بە پێچەوانەوە مافى وەرگیرانیان لەو بەشە نامێنێت."