شەڕی تورکیا و تویتەر گەرمە

تورکیا دەڵێت تویتەر پشتگیریی پەکەکە دەکات

K24- هەولێر:

کۆمپانیای تویتەر حەوت هەزار هەژماری سەر بە حکومەتی تورکیای لەکارخست، ئەمەش ئەکەپە و بەرپرسانی تورکیای تووڕە کردووە.

فەهرەتین ئالتون، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی حکومەتی تورکیا لە راگەیەندراوێک ئاماژەی بەوە کردووە، کۆمپانیای تویتەر بە بیناوی ئەوەی هەژمارەکان ساختەن و پشتگیری لە سەرۆک ئەردۆغان دەکەن و لە لایەن دەسەڵاتەوە بەکار دەهێنرێن ئەو کارەی کردووە، بەڵام ئەمە راست نییە.

دەشڵێت، ئەو بەڵگانەی تویتەر بەکاری هێناون، نالۆژیکین و لەسەر بنەمای سیاسیی دروست کراون و دەستی سیاسی لە پشتەوەیە.

ئەو بەرپرسەی تورکیا دەڵێت، مەبەست لەو کارەی تویتەر لێدانە لە حکومەتی تورکیا و خزمەتکردنە بە پەکەکە و بزووتنەوەی فەتحوڵا گیولەن.

هۆشدارییش دەدات، چارەنووسی تویتەر لە تورکیا بەهۆی ئەوجۆرە کارانە باش نابێت.

بە هۆکاری ئەوەی پڕوپاگندە بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکەن، هەینی رابردوو، تویتەر حەوت هەزار و 340 هەژماری هەژماری تورکیای سڕیەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە تویتەر هەمان کاری بەرامبەر بە چین و چەند وڵاتێكی دیکەش ئەنجام داوە.

نێوانی تویتەر و تورکیا پێشتریش هەر باش نەبووە، چەند جارێک حکومەتی تورکیا کارکردنی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییەی راگرتووە.