شەڕی تورکیا و تویتەر گەرمە
تورکیا دەڵێت تویتەر پشتگیریی پەکەکە دەکات
K24- هەولێر:
کۆمپانیای تویتەر حەوت هەزار هەژماری سەر بە حکومەتی تورکیای لەکارخست، ئەمەش ئەکەپە و بەرپرسانی تورکیای تووڕە کردووە.
فەهرەتین ئالتون، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی حکومەتی تورکیا لە راگەیەندراوێک ئاماژەی بەوە کردووە، کۆمپانیای تویتەر بە بیناوی ئەوەی هەژمارەکان ساختەن و پشتگیری لە سەرۆک ئەردۆغان دەکەن و لە لایەن دەسەڵاتەوە بەکار دەهێنرێن ئەو کارەی کردووە، بەڵام ئەمە راست نییە.
دەشڵێت، ئەو بەڵگانەی تویتەر بەکاری هێناون، نالۆژیکین و لەسەر بنەمای سیاسیی دروست کراون و دەستی سیاسی لە پشتەوەیە.
ئەو بەرپرسەی تورکیا دەڵێت، مەبەست لەو کارەی تویتەر لێدانە لە حکومەتی تورکیا و خزمەتکردنە بە پەکەکە و بزووتنەوەی فەتحوڵا گیولەن.
هۆشدارییش دەدات، چارەنووسی تویتەر لە تورکیا بەهۆی ئەوجۆرە کارانە باش نابێت.
بە هۆکاری ئەوەی پڕوپاگندە بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکەن، هەینی رابردوو، تویتەر حەوت هەزار و 340 هەژماری هەژماری تورکیای سڕیەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە تویتەر هەمان کاری بەرامبەر بە چین و چەند وڵاتێكی دیکەش ئەنجام داوە.
نێوانی تویتەر و تورکیا پێشتریش هەر باش نەبووە، چەند جارێک حکومەتی تورکیا کارکردنی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییەی راگرتووە.