خووشکەکەی کیم جۆنگ ئون هەڕەشەی هەڵگیرسانی جەنگ دەکات
لە باشوور توڕەیە
K24- هەولێر:
کیم یۆ جۆنگ، خوشکی سەرۆکی کۆریای باکوور، کیم جۆنگ ئون، لە دواین لێدوانیدا، کۆریای باشووری وەک دوژمن ناوبرد و هەڕەشەی لەناوبردنی کرد.
لە راگەیەندراوێک ئەو بەرپرسەی کۆریای باکوور دەڵێت، بە بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانم کە لە لایەن سەرۆک و پارت و دەوڵەتەوە پێمدراوە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی کۆریای باکوورم ئاگادار کردووەتەوە کە پلانی داهاتوویان بەرامبەر بە دوژمن چی دەبێت.
خوشکەکەی کیم هێند تووڕەیە لە باشوور، لە بەشێکی لێدوانەکانی دەڵێت، کاتی ئەوەیە هەموو پەیوەندییەکانمان ببڕین.
کیم یۆ جۆنگ لە چەند مانگی رابردوو، وەک خاتوونێکی بە دەسەڵاتی کۆریای باکوور دەرکەوێت و چەند جارێکیش هەڕەشەی لە کۆریای باشوور کردووە و رێککەوتنەکانی هەردوولای بە دڵ نییە.
پەیوەندی نێوان کۆریای باکوور و باشوور جارێکی دیکە گرژی تێکەوتووە، ئەمەش دوای ئەوەی سیئۆل رایگەیاند، دەبێت کۆریای باکوور دەست لە مووشەکە دوورهاوێژەکانی هەڵبگرێت و پابەندی رێککەوتنەکانی لەگەڵ ئەمەریکا بێت.
کۆریای باکووریش هۆشداریی دایە باشوور کە خۆی لە کاروباری ناوخۆی وڵاتیان تێوەنەگلێنێت.
DW