سەرۆکی وڵاتێک بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆچی دوایی کرد
سەرەتا هۆکاری مردنەکەی شاردرابووەوە
K24- هەولێر:
سەرۆک وڵاتی بوروندی لە ئەفریقا، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆچی دوایی کردووە و پێشتر راستییەکان ئاشکرا نەکراون.
ئەگەرچی میدیا حکوومییەکانی ئەو وڵاتە سەرەتا وایان بڵاوکردەوە کە بەهۆی جەڵتەی دڵ پیەرێ نکورونزیزا کۆچی دوایی کردووە، بەڵام پزیشکان رەتی دەکەنەوە.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، پزیشکانی نەخۆشخانەی بوجومبورای پایتەخت ئاشکرایانکردووە، تەنها یەک ئامێری هەناسەدانی دەستکردیان هەبووە، ئەویش بەپەلە بۆ سەرۆک بەکارهاتووە، بەڵام درەنگ ئامێرەکەی بۆ دانراوە و گیانی لەدەستداوە.
فرانس پرێس ئەوەشی ئاشکرا کردووە، هاوژینی سەرۆکی بوروندی پێشتر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و کێشەی لە سییەکانی بۆ دروست بووە، بەڵام چارەسەر کراوە.
ماوەی هەفتەیەکە بەهۆی مردنی ئەو سەرۆکە، ماتەمینی راگەیەندراوە، بەڵام ئێستا ئاشکرا دەکرێت، سەرۆکی ئەو وڵاتە بە کۆرۆنا گیانی لەدەستداوە و زانیارییەکان شاردراونەتەوە.
بەهۆی ئەوە بەشێک لە وڵاتانی ئەفریقا داهاتییان نیە و هەژارن، نەخۆشی و ڤایرۆسەکان زۆر زیاتر کاریگەرییان لەسەر دادەنێت و خەڵکێکی زۆر دەکاتە قوربانی.