زیندانییەکی سێدنایا باسی ژووری سوور ی زیندانەکە دەکات

وێنەی زیندانییەکەی زیندانی سێدنایا، 'کوردستان24'
وێنەی زیندانییەکەی زیندانی سێدنایا، 'کوردستان24'

زیندانییەکی سووری کە لە زیندانی سێدنایا لە دیمەشق دەستگیر کرابوو، چیرۆکی خۆی لە زیندان بۆ کوردستان24 دەگێڕێتەوە و دەڵێت: شەوی ڕابردوو دەستەی تەحریرشام هاتن و ئێمەیان ڕزگار کرد.

زیندانەکە لە گێڕانەوەی چیرۆکەکەی بەردەوام بوو گوتی: "ئێمە لەژێر زەویدا زیندانی کرابووین، ژوورێک هەبوو کە پێی دەگوترا 'ژووری سوور'، ئێمە لەوێ بووین، تەنانەت ژوورەکەی من دوو نهۆم لە ژێر زەویەکەدا بوو."

ئاماژەی بەوەش کرد "ئێمە نەماندەزانی ڕژێمی بەشار ئەسەد ڕووخاوە، دەمان گوت ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد خەونە، بەڵام دوێنێ زانیمان ڕووخاوە، لەبەر ئەوە زۆر دڵخۆش بووین." گوتیشی: "خەڵکمان لەگەڵدا بووە سزای لە سێدارەدانی هەبووە، بەڵام دوێنێ ئازاد کراوە."

ئەو زیندانە باسی لەوەش کرد، من لە ساڵی 2017ەوە لە زیندانی سێدنایە زیندانی کراوم، خواردنەکەی زۆر ناخۆش بوو، بەبۆڕیی و کارەبا و وایەر لێیان دەداین، هەروەها لە پشت دەرگا چاوەڕوانیان دەکردین کە دەهاتینە دەرەوە بەهەموو شێوەیەک لێمانیان دەدا."

ئەو زیندانییە لەسەر گێڕانەوەکەی بەردەوام دەبێت و دەڵێت: "یەکەم جار کە منیان بردە زیندانەکە هەر لە ژووری پێشوازی بە کارەبا لێیان دام، بەم شێوازە پێشوازییان لە زیندانەکان دەکرد."

گوتیشی: "بەچاوی خۆم زیندانێکم بینی کە تەمەنی 16 ساڵ بوو ئەوەندە لێیان دا نەیدەتوانی سەریشی بەرز بکاتەوە، لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی سپارد 'خوا لێی خۆشبێت'."

باسی لەوەش کرد "ڕۆژانە لە کاتژمیر 7ـی بەیانی تاوەکوو 7ـی ئێوارە نیو یان یەک سەموونیان پێ دەداین. هەروەها زیندانەکە سووری، عێراقی، ژاپۆنی، ئێرانی و پاکستانی تێدا بوو، هەروەها کوردێکی زۆریشی تێدا بوو کە لەحەسەکە و شوێنەکانی دیکە دەیان هێنایە زیندانی سێدنایا."