كۆرۆنا كەرتی فڕۆكەوانی و گەشتیاری پەكدەخات

زیانی مانگانەی ھەر كۆمپانیایەك دەگاتە نزیكەی 15 ھەزار دۆلار

K24 - ھەولێر

ڤایرۆسی كۆرۆنا گورزی گەورەی بە كەرتی فرۆكەوانی و گەشتیاری كوردستان و جیھان گەیاندووە، لەماوەی سێ مانگی رابردوودا كۆمپانیا و نووسینگەكان، ھیچ بلیتێكی فڕۆكەیان نەفرۆشتووەو بەھۆی نەبوونی داھاتیش 90%ی كارمەندەكانیان رەوانەی ماڵەوە كردووەتەوە. بەگوێرەی ئامارێكی یەكێتی كۆمپانیا فڕۆكەوانییەكانی ھەرێمی كوردستان، زیانی مانگانەی ھەر كۆمپانیایەك دەگاتە نزیكەی 15 ھەزار دۆلار.

بە كاریگەری وەستانی گەشتە ئاسمانییەكان، كەرتی فڕۆكەوانی گەشتیاری كوردستانیش بێبەش نەبووە لە زیانەكان، لەو ماوەیەدا ژمارەیەك نووسینگە و كۆمپانیا لە شارەكانی كوردستان مایەپووچ بوونە و بەشێكیان دەرگاكانیان داخستووە، سەرۆكی یەكێتی كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی و گەشتیاری كوردستانیش رایدەگەیەنێت، زیاتر لە 500 كۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری لە كوردستان ھەن، بەڵام كۆرۆنا بووتە ھەڕەشەیەكی مەترسیدار لەسەر ئەو كەرتە.

زیانەكانی كەرتی فڕۆكەوانی و گەشتیاری لە جیھان بەھۆی كۆرۆنا گەیشووەتە سەرووی 330 ملیار دۆلار، دەستەی فڕۆكەوانی شارستانی عێراقیش ماوەی قەدەغەی گەشتە ئاسمانییەكانی بۆ كاتێكی نادیار درێژكردەوە، ئەمەش كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی و گەشتوگوزاری لە عێراق و كوردستان زیاتر بێ ھیواكرد.