تا کۆتایی ئەم هەفتەیە ئاگربەست لەنێوان هەسەدە و تورکیا درێژ کرایەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند: تا کۆتایی ئەم هەفتەیە ئاگربەست لەنێوان هەسەدە و تورکیا درێژ کرایەوە، هاوکات لە نیگەرانییەکانی تورکیا لە سووریا تێدەگەیەن.

ئەمڕۆ سێشەممە 17ـی کانوونی یەکەمی 2024، ماتیۆ میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: گفتوگۆمان له‌باره‌ی ئاگربه‌ست له‌ منبج کردووه‌ كه‌ كشانه‌وه‌ی هه‌سه‌ده‌ی له‌خۆ گرتووه‌ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ڕووباری فوڕات.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، باسی لەوە کرد،‌ ئێستا له‌گفتوگۆداین له‌گه‌ڵ هه‌سه‌ده‌ و هاوپه‌یمانه‌كانمان، هەروەها لە نیگەرانییەکانی تورکیا لە سووریا تێدەگەین.

ئاماژەی بەوە کرد، تا کۆتایی ئەم هەفتەیە ئاگربەست لەنێوان هەسەدە و تورکیا درێژ کرایەوە. گوتیشی: هه‌وڵ ده‌ده‌ین ڕێگه‌ چاره‌یه‌ك بدۆزینه‌وه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی په‌ره‌سه‌ندنه‌كان، هەروەها واشنتن کاری جیددی دەکات بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە بۆ ماوەکانی  داهاتووش.

ئەم لێدوانەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دوای ئەوە دێت، کە دوێنێ، ناوەندیی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ڕاگەیاند: کە ئەمەریکا لە هەوڵەکانی نێوەندگیری بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی لە هەردوو شارەکانی منبج و کۆبانێ شکستی هێنا.