بەرپرسێکی ئەمەریکی: کۆریای باکوور زیانێکی زۆری لە کورسک بەرکەوتووە

بەرپرسێکی باڵای سەربازی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هێزەکانی کۆریای باکوور سەدان زیانی گیانیان بەرکەوتووە، لە شەڕی هێزەکانی کیێڤ لەناوچەی کورسکی ڕووسیا لەسەر سنووری ئۆکرانیا.
بۆ بەهێزکردنی هەوڵەکانی جەنگی ڕووسیا، پیۆنگ یانگ هەزاران سەربازی ڕەوانەی ڕووسیا کرد، لەنێویاندا بۆ ناوچەی سنووری کورسک لەگەڵ ئۆکرانیا، کە لە سەرەتای ئەمساڵدا هێزەکانی ئۆکرانیا بەشێکیان کۆنترۆڵکرد.
ئەو بەرپرسە ئەمەریکییە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت گوتی: دوایین خەمڵاندنمان بۆ ئەو قوربانیانەی کۆریای باکوور تووشی بوون سەدان کەسە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم ژمارەیە هەموو شتێک لەخۆدەگرێت لە ئەوانەی بریندارن و ئەوانەشی کوژراون، بە پلە دارەکانەوە.
بەرپرسە سەربازییەکەی ئەمەریکا هۆکاری ئەم زیانە گەورەیەی بۆ کەمی ئەزموونی شەڕی هێزەکانی کۆریای باکوور گەڕاندەوە.
گوتیشی: "ئەمانە سەربازانی شەڕ نین و هەرگیز بەشداریی شەڕیان نەکردووە."
ئەو لێدوانەی ئەو بەرپرسە سەربازییە ئەمەریکییە دوای ئەوە هات کە ئۆلیکساند سێرسکی، سەرۆکی ئەرکانی ئۆکرانیا ڕایگەیاندبوو، ڕووسیا یەکەکانی کۆریای باکووری فڕێداوەتە ناو جەرگەی "هێرشێکی چڕ" لە کورسک.
پیۆنگ یانگ و مۆسکۆ دوای ئۆپراسیۆنی سەربازیی ڕووسیا لە ئۆکرانیا لە شوباتی 2022، پەیوەندییە سەربازییەکانیان پتەوتر کرد.
ڕێککەوتنێکی مێژوویی بەرگریی لە نێوان پیۆنگ یانگ و مۆسکۆ سەرەتای ئەم مانگە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هەروەها سەرۆکی کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون، بە هەموو توانای خۆیەوە هەوڵی بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و ئەزموونی شەڕ بۆ هێزەکانی لە ڕووسیا دەدات.