هیومان ڕایتس وۆچ: ئیسرائیل لە غەززە جینۆسایدی کردووە

هیومان ڕایتس وۆچ دووپاتی کردەوە کە ئیسرائیل لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023ەوە بە ئەنقەست فەڵەستینییەکانی غەززەی لە ئاو بێ بەش کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی مردنی هەزاران کەس.
هیومان ڕایتس وۆچ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند "دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بە ئەنقەست و بۆ قەڵاچۆکردنی بەشێک لە دانیشتوانی غەززە، بارودۆخی سەختی ژیانیان بەسەر فەڵەستینییەکاندا سەپاندووە."
هەروەها بە ئەنقەست لە ئاو بێ بەشی کردوون و ڕێگریی لە چوونە ژوورەوەی سووتەمەنی و خۆراکیش کردووە، هەروەها کارەبای لەسەر خەڵکی غەززە بڕیووە کە بۆ بەڕێوەبردنی ژێرخان بۆ بەردەوامبوونی ژیان پێویست بووە. ئیسرائیل بەو کردارانەی هەزاران کەسی کوشتووە.
ئاشکرای کرد "هێزەکانی ئیسرائیل بە ئەنقەست هێرشیان کردووەتە سەر چەندان دامەزراوەی سەرەکیی ئاو و وێرانیان کردووە." هیومان ڕایتس وۆچ گوتیشی: "بەڵگەیان دۆزیوەتەوە لەسەر ئەو کردەوانەی هێزە زەمینیەکانی ئیسرائیل لەو کاتەی کۆنترۆڵی ئەو ناوچانەیان کردووە." ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی "وێرانکردنەکە بە مەبەست بووە."
باسی لەوەش کرد، "بەم کردەوەیە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بەرپرسیارێتی تاوانی قڕکردن و کردەوەی جینۆساید لە ئەستۆ دەگرن؛ شێواز و ڕەفتار و لێدوانەکانی بەرپرسانی ئیسرائیل ئاماژەن بۆ ئەوەی هەندێکیان ئارەزووی لەناوبردنی فەڵەستینییەکانیان لە غەززە کردووە."
ئاماژەی بەوەش کرد "پێویستە حکوومەتەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بگرنەبەر بۆ ڕێگریی لە جینۆساید لە غەززە و ڕاگرتنی هاوکارییە سەربازییەکان و پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنە دووقۆڵییەکان و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ئیسرائیل و پاڵپشتیی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان و هەوڵەکانی دیکەی لێپرسینەوەی، بکەن."
ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات 240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لەلایەن حەماسەوە دهستبهسهر كران.