سەرۆک بارزانی: هیوادارم بارودۆخی کورد لە سووریا لەبەر چاو بگیرێت

سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر کرد
سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر کرد

پێنجشەممە، 19ی کانوونی یەکەمی 2024، لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە یان بریم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر کرد.

بارەگای بارزانی، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە "لەودیدارەدا گفتوگۆ لەبارەی هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەرئەنجامی کۆبوونەوەی لایەنەکان کرا و سەرۆک بارزانی تیشکی خستە سەر ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی پارتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و ڕاشیگەیاند کە بەردەوامن لە کۆبوونەوە و دیالۆگی هاوبەش لەگەڵ لایەنەکان بۆ خێراکردنی ئەم پڕۆسەیە و پێکهێنانی حکوومەت لەسەر بنەمای دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن."

بارەگای بارزانی ئەوەی خستووەتە ڕوو "باروودۆخی سووریا و گۆڕانکاری و مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و دروست بوونی ناسەقامگیری لە ناوچەکە بە گشتی تەوەری تری ئەو دیدارە بوون. "

پەیوەست بە پرسی سووریا، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "سەرۆک بارزانی هیوای دەستەبەربوونی ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی سووریا خواست و هەروەها بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن پرسە ناوخۆییەکان چارە بکەن و لەم چوارچێوەیەشدا بارودۆخی کورد لە سووریا لەبەر چاو بگیرێت لەسەر بنەمای خواستی خۆیان بۆ مافەکانیان لە داهاتووی سووریا."