پوتین: پێویستە پرسی کورد لە سووریا چارە بکرێت
سەرۆکی ڕووسیا بە پێویستی دەزانێت پرسی کورد لە سووریا چارە بکرێت. ئاماژە بەوەش دەدات "لە نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا تێ دەگەین."
پێنجشەممە، 19-12-2024، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا لەمیانی پرێس کۆنفرانسی بەرفراوانی ساڵانەی خۆیدا لە مۆسکۆ, کە خۆشەوی محەممەد، پەیامنێری کوردستان24ـیش ئامادەی بوو؛ باسی لە ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد و پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سووریا و چارەکردنی پرسی کوردی کرد.
سەرۆکی ڕووسیا بە پێویستی زانی پرسی کورد لە سووریا چارە بکرێت و گوتی: "دەبوو لەسەر دەمی سەرۆکی پێشووی سووریادا چارە بۆ پرسی کورد دۆزرابایەوە، ئێستەش ئەو پرسە هەر پێویستی بە چارەکردنە لەگەڵ ئەوانەی ئێستا خاکی سوریایان کۆنترۆل کردووە."
پوتین باسی لەوەش کرد "کەسانێک هەن هەوڵ دەدەن ئەوەی لە سووریا ڕووی دا، وەک شکستێک بۆ ڕووسیا بخەنە ڕوو، ئەمەش ڕاست نییە."