"لە چەند مانگی داهاتوو عێراق ناتوانێت مووچە دابین بکات"

ئەگەر ھەیە لەم مانگەوە گرفتەكە دەست پێبكات

K24 - ھەولێر

بە گوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی جیرۆزالیم پۆستی ئیسرائیلی، لە چەند مانگی داهاتوو حکومەتی عێراق ناتوانێت مووچەی فەرمانبەران دابین بکات.

لە رۆژنامەکەدا هاتووە، بۆ چەند مانگی داهاتوو حکومەتی عێراق دووچاری گرفت دەبێت لە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران، و ئەگەری زۆریش هەیە لەم مانگەدا حکومەتی عێراق لە دابینکردنی مووچەی گشتی دووچاری گرفت بێت.

رۆژنامە ئیسرائیلیەكە ئەماژەی بەوەشكردووە، قەیرانی ئابووری عێراق دەگەڕێتەوە بۆ گەندەڵی و شکستی پلانی ئابووری، هەروەها داڕمانی نرخی نەوت کە لە 90%ـی داهاتی عێراق پێکدەهێنێت.

سەرەڕای ئەوەی حکومەتی عێراق توانی مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگی ئایار بە شێوەیەکی تەواو دابەش بکات، بەڵام داکەوتنی داهاتی نەوتی ئاماژەی روونن بەوەی مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگەکانی داهاتوو کەم دەکرێنەوە یاخود دوادەخرێن.

حازم شمەری، مامۆستای بەشی زانستی رامیارییە لە زانکۆی بەغدا بۆ ئەو رۆژنامە ئیسرائیلییە دەڵێت "سەرەڕای ئەو قەیرانانەی ساڵانێکە بەرۆکی بەغدایان گرتووە، بەڵام کابینەکانی حکومەت شکستیان هێناوە لە دامەزراندنی سندووقێکی سەروەری بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ قەیرانەکان بکەن".