ئەسما داوای تەڵاق لە بەشار ئەسەد دەکات

ئەسما ئەسەد، هاوژینی بەشار ئەسەدی سەرۆکی هەڵاتووی سووریا لە ژیان و گوزەرانی مۆسکۆ ئاسوودە نییە و داوای جیابووەی لە بەشار کردووە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە لەندەن و لەوێ بژیت.

ماڵپەڕی مۆدێرن دۆت ئاز  بڵاوی کردەوە، مێدیاکانی ڕووسیا زانیاریی تازەیان لەسەر خێزانەکەی بەشار ئەسەد بڵاو کردووەتەوە دوای ئەوەی لە دیمەشق هەڵاتن و لە مۆسکۆ گیرساونەتەوە و حکوومەتی ڕووسیا مافی پەنابەرێتی پێدان.

بە گوێرەی مێدیاکانی ڕووسیا، ئەسما ئەسەد دەیەوێت لە بەشاری مێردی جیا ببێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت بچێتەوە لەندەن، بۆ ئەمەش داواکارییەکی پێشکەشی دادگای مۆسکۆ کردووە بۆ ئەوەی ڕێگەی پێ بدات و بە فەرمی لە مۆسکۆ بەرەو لەندەن بچێت، بەو پێیەی خۆی لە بنەڕەتدا هاووڵاتیی بەریتانییە.

هەروەها مێدیاکان زانیاریی زیاتریان ئاشکرا کردووە و ئاماژەیانداوە، هەرچەندە بەشار ئەسەد، سەرۆکی هەڵاتووی سووریا بەخۆیی و ئەندامانی خێزانەکەی لەلایەن حکوومەتی ڕووسیاوە بە پەنابەری مرۆیی قەبوڵ کراون، بەڵام ئێستا لە ژێر چاودێرییەکی چڕ و وردی هێزێکی تایبەتی ڕووسیادان و هەموو چالاکییەکی سیاسی یان هەوڵی دەرچوونیان لە مۆسکۆ و ڕووسیای لێ قەدەغەکراوە.

حکوومەتی ڕووسیا بە تەواوەتی ژیانی بەشار ئەسەد و ئەندامانی خێزانەکەی لە مۆسکۆ سنووردار کردووە، بەهۆی ئەوەی دەستڕاگەیشتن بە سەروەت و سامانەکەیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی مۆسکۆوە بلۆککراوە.

ئەسما فەواز ئەخرەس لە 11ی ئابی 1975 لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا لەدایکبووە و هەڵگری ڕەگەزنامەی سووری و بەریتانییە، باوکی پزیشکی دڵ و دایکیشی دیپلۆماتکار بووە لە باڵیۆزخانەی سووریە لە لەندەن، لە 18ی کانوونی یەکەمی 2000 لەگەڵ بەشار ئەسەد هاوسەرگیریان کردووە و لە 8ی کانوونی یەکەمی 2024 لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەدی مێردی، دیمەشقیان بەجێهێشت و ئێستا لە لایەن حکوومەتی ڕووسیاوە داڵدە دراون. 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment