سبەینێ یەکەم ڕۆژی وەرزی زستانە

شه‌وی 20/21ـی كانوونی یه‌كه‌م له كوردستان و به‌شێكی به‌رفره‌وانی ناوچه‌كه، درێژترین و تاریکترین شەوی ساڵە و تێیدا خۆروەگەڕی زستان ڕوو دەدات؛ ئه‌م شه‌وه له نێو كورددا به شه‌وی یه‌ڵدا و چله ناو ده‌برێت و تێیدا به قسه‌ی خۆش و خواردنی چا و چه‌ره‌س كات به‌سه‌ر ده‌برێت و شاعیرانیش ئه‌م شه‌وه‌یان بۆ مه‌به‌ستی جیا جیا له شیعره‌كانیاندا به كار هێناوه.
سبه‌ی شه‌ممه، 21ـی كانوونی یه‌كه‌می 2024، وه‌زری ساڵ ده‌گۆڕێت و له نیوه‌گۆی باكووری زه‌ویدا یه‌كه‌م ڕۆژی وه‌رزی زستانه و له نیوه‌گۆی باشووریشیدا یه‌كه‌م ڕۆژی وه‌رزی هاوینه.
هاوكات شه‌وی 20/21ـی كانوونی یه‌كه‌م كه ده‌كاته ئه‌م شه‌و، درێژترین و تاریکترین شەوی ساڵە و تێیدا خۆروەگەڕی زستان ڕوو دەدات، کە تێیدا زەوی دەگاتە خاڵێک لە دەوری خۆردا و دەگەڕێتەوە.
شەوی یەڵدا دەکەوێتە کۆتا شەوی پاییز و دەستپێکی یەکەم شەوی زستانە لە کوردستان. لەم شەوەدا 14 کاتژمێر تاریکی نیوەی گۆی زەوی دەگرێتەوە، لە لایەکی دیکەوە ئەو ڕۆژەی لە دوای شەوی یەڵدا دێت كه ده‌كاته 21ـی كانوونی یه‌كه‌م، بە کورتترین ڕۆژی ساڵ دیاری کراوە.
ئەم شەو لە كولتووری کورددا بە شەوی یەڵدا یان چلە ناسراوە و هاوبه‌شیی هه‌یه له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌كانی هیند و ئاری و نەتەوەکانی میزۆپۆتامیا، بە شیعر، گۆرانی، دانیشتن، سەردانی یەکتری و شەوچەرە بە ڕێ دەکرێت، کە لە زۆربەی ماڵەکاندا خوانێكی ڕازێندراو بە میوە و چەرەز ئامادە دەکرێت بۆ ئەوەی ئەندامانی خێزان و میوان بە دەوریدا کۆ ببنەوە بە تایبەت شووتی و هەنار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران میوەی سەرەکیین كه خوانه‌كانی ئه‌م شه‌وه‌یان پێ ده‌ڕازێنرێته‌وه.
هەندێك لە توێژەران بڕوایان وایە سەرەتای بۆنەی شەوی یەڵدا بۆ سێ بۆ پێنج هەزار ساڵ پێش زایین و پێش ئایینی زەردەشت دەگەڕێتەوە.
له ئایینی زه‌رده‌شتدا، خەڵک لەو شەوەدا لە لای یەک کۆ دەبوونەوە و بە خواردن و خواردنەوە و گۆرانی گوتن شه‌ویان به‌سه‌ر ده‌برد و و چاوەڕوانی ھەڵھاتنی خۆر دەبوون.
لە لای زەردەشتییەکان ئەو خوانه‌ی لەو شەوەدا دەڕازێنرایەوە پێی ده‌گوترا "مه‌یزه‌د" و ئه‌و چه‌ره‌سه‌ی له‌م شه‌وه‌دا ده‌خورا، ناوی "لۆرك" بوو. له‌م شه‌وه‌دا لە نەزرگە و پەرستگەکانی میثرایی نزای "نییه‌د" بۆ سەرکەوتنی ڕووناکی بەسەر تاریکی و ئەھریمەندا دەکرا.
شەوی یەڵدا بە یەكەم شەوی (چلەی گەورە) دادەنرێت. بە پێی سەرچاوەكان دوو چلە لە كوردستان هەیە، چلەی گەورە كە لە یەكەم ڕۆژی زستانەوە دەست پێ دەكات، دوای تەواوبوونی ئەو چل ڕۆژە، چلەی بچووك دەست پێ دەكات كە بە هەردووكیان هه‌شتا ڕۆژی ته‌واون.
توێژه‌ران و شاره‌زایانی زمان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، وشه‌ی یه‌ڵدا له بنه‌ڕه‌تدا سریانییه، كه واته‌ی له‌دایكبوون ده‌دات و هه‌ندێك له سه‌رچاوه سریانییه‌كان له‌م باره‌وه پێیان وایه، عیسای كوڕی مه‌ریه‌م – مه‌سیح (د.خ) له‌م شه‌وه‌دا له دایك بووه. به‌شێكی دیكه له توێژه‌ران باس له‌وه ده‌كه‌ن یه‌ڵدا به مانای سه‌ركه‌وتن دێت، واته سه‌ركه‌وتنی خۆر به‌سه‌ر تاریكی.
شاعیران و كورد و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی ناوچه‌كه به‌تایبه‌تی شاعیرانی كلاسیك له شیعره‌كانیاندا ئاماژه‌یان به‌م شه‌وه كردووه و هه‌ر یه‌كێكیان به مه‌به‌ستێك وشه‌ی یه‌ڵدا و ده‌یجووری به كار هێناوه، به‌ڵام دیارترینیان پارچه شیعرێكی مەلا خدر ئەحمەدی شاوەیسی ئاڵی بەگی میکایلی ناسراو به (نالی)ـیه، كه ده‌ڵێت:
شەوی یەڵدایە، یا دەیجوورە ئەم شەو
كە دیدەم دوور لە تۆ بێنوورە ئەم شەو
دڵم وەك حاكمی مەعزوولە، قوربان!
خەڵاتی وەسڵی تۆی مەنزوورە ئەم شەو