بە فەرمانی ترەمپ، ئەمریکا هێرشی کردە سەر چەند ئامانجێکی ناو خاکی ئێران

سێنتکۆم: وەڵامی خستنەخوارەوەی ئاپاچییەکەمان دایەوە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند؛ لەسەر فەرمانی راستەوخۆی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ، دەستیان کردووە بە وەشاندنی گورزی سەربازی لە چەند ئامانجێکی ناو خاکی ئێران. ئەمریکا ئەم هێرشانە وەک بەرگری لە خۆ وەسف دەکات.

بەگوێرەی بەیاننامەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانی و هێزی دەریایی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی کردووە، بە بەکارهێنانی تەقەمەنی ورد، چەندین شوێنیان لە نزیک گەرووی هورمز کردووەتە ئامانج، لەوانە؛ سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی ئێران، وێستگەکانی کۆنترۆڵی زەمینی و رادارەکانی چاودێری کەناراوەکان. 

سێنتکۆم جەختی کردەوە، ئەم وەڵامدانەوەیە رێژەیی و هاوسەنگ بووە بەرامبەر بە خستنەخوارەوەی کۆپتەرێکی جۆری ئاپاچی ئەمریکی لە لایەن ئێرانەوە و هێرشە بەردەوامەکانی سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچەکەدا.

میدیا فەرمییەکانی ئێران پشتڕاستیان کردەوە، تەقینەوەی بەهێز لە پارێزگای هورمزگان، بەندەر عەباس، دوورگەی قشم و ناوچەی سیریک روویانداوە. تەلەفزیۆنی فەرمی تاران ئاماژەی بەوە کردووە، هێرشەکان بوونەتە هۆی پێکانی دوو کۆگای ئاو و پچڕانی ئاوی خواردنەوە لە ناوچەی بامانی.

لای خۆیەوە سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی و درۆن هێرشی کردە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە (بەحرێن، کوەیت و ئوردن). عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، هۆشداری دا "هیچ هەڕەشەیەک بێ وەڵام ناهێڵنەوە".

لای خۆیەوە بەرپرسێکی ئەمریکی بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی راگەیاند، زۆربەی مووشەک و درۆنە ئێرانییەکان پێش گەیشتن بە ئامانج تێکشکێنراون. بەگوێرەی هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان، هیچ زیانێکی گیانی لە ریزەکانی سوپای ئەمریکا نەکەوتووە، هیچ زیانێکی گەورە بەر بنکە سەربازییەکان نەکەوتووە وتیمی کۆپتەرە ئاپاچییەکەی پێشوو بە سەلامەتی رزگارکراون.

لەلایەکی دیکەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ترووس سۆشیاڵ پشتڕاستی کردەوە، هێلیکۆپتەرەکە لە کاتی دەوریەدا بووە و گوتی: "ئێران هێلیکۆپتەرێکی پێشکەوتووی ئێمەی خستە خوارەوە، پێویست بوو ئەمریکا وەڵامی ئەم هێرشە بداتەوە."و دەڵێت: "ئەمە وەڵامێکی گونجاو بوو بۆ خستنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەمان."

سێنتکۆم رایگەیاندبوو؛ دوو فڕۆکەوان لەناو هێلیکۆپتەرەکەدا بوون. خۆشبەختانە هەردووکیان بە سەلامەتی لە نزیک کەناراوەکانی عومان لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە رزگارکراون و باری تەندروستییان جێگیرە.

ئەمە دووەم فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکییە کە لە دوای دەستپێکردنی جەنگی  ناوچەکە لە 28ـی شوبات دەخرێتە خوارەوە و پێشتر فڕۆکەیەکی F-15 خرابووە خوارەوە، ئەم هێرشانە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر رێککەوتنی ئاگربەست دروست کردووە کە لە 8ـی نیساندا واژۆ کرابوو.