حکوومەتی عێراق بڕیارێکی نوێی لە بارەی داهاتە نەوتییەکانەوە دەرکرد

حکوومەتی عێراق، پڕۆژەیاسای رێگری لە قۆرخکاری رەوانەی پەرلەمان کرد و لە هەمان کاتدا رێککەوتننامەیەکی ئەمنیی نوێی لەگەڵ وڵاتی ئیسپانیا پەسەند کرد.

سێشەممە، 9ـی حوزەیرانی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی، کۆمەڵێک بڕیاری گرنگی لە بوارەکانی دارایی، یاسایی، ئەمنی و خزمەتگوزاری پەسەند کرد.

بە پێێ راگەیەنراوەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، دیارترین بڕیاری دارایی کۆبوونەوەکە، بەردەوامبوونی کارکردن بوو بە خستنەپاڵی داهاتەکانی هەناردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ ناو هەژماری بانکیی تایبەتی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە مەبەستی رێکخستنی داهاتە گشتییەکان.

لەسەر ئاستی یاسایی و کارگێڕی، ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژەیاسای هەموارکردنی یاسای رێگریکردن لە قۆرخکاری پەسەند کرد و ئاراستەی پەرلەمانی عێراقی کرد بە مەبەستی دەنگدان لەسەری.

هەروەها، لە چوارچێوەی رێکخستنی پەیوەندییە دەرەکییەکاندا، بڕیار درا بە واژۆکردنی رێککەوتننامەیەکی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئیسپانیا، کە تایبەتە بە هاوکاریی ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی تاوان.

جگە لەوانە، جێبەجێکردنی بڕیارە پێشووەکانی پەيوەست بە چارەکردنی قەرەباڵخیی هاتوچۆ لە شارەکاندا تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو، کە تێیدا جەخت لەسەر هەماهەنگیی نێوان دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کرایەوە بۆ کەمکردنەوەی لۆد و قەرەباڵخی لە شەقامەکانی پایتەختدا.