سوپای پاسداران: وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکامان دایەوە
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، چەند بنکەیەکی سەربازیی ئەو وڵاتەی لە بەحرەین، کوەیت و ئوردن کردووەتە ئامانج.
سوپای پاسداران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، هێزەکانی ئەمریکا بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2026، چەند شوێنێکیان لە "جاسک، سیریک و قشم" کردووەتە ئامانج، کە بەهۆیەوە زیان بە تاوەرێکی پەیوەندی لە سیریک و دوو تانکی ئاو لە ناوچەی بەمانی گەیشتووە.
لە وەڵامی ئەمەدا، سوپای پاسداران وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانە، لە کاتژمێر 2:30ـی بەرەبەیان، هێزی دەریایی سوپای پاسداران بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکا لە بەحرەین، هێرشێکی دیکەی درۆن کراوەتە سەر بنکەی عەلی سالم لە کوەیت، هەروەها هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران بە مووشەکی دوورهاوێژ، چوار ئامانجی گرنگی لە بنکەی ئەزرەق لە ئوردن پێکاوە، لەوانە شوێنی حەوانەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی F-35 و ناوەندیی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی سوپای ئەمریکا.
هەروەها سوپای پاسداران رایگەیاندووە، بە گشتی 21 ئامانجیان لە بنکە ئاسمانی و دەریاییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە پێکاوە و درۆنی جۆری MQ-9یان لە ئاسمانی شاری جەم خستووەتە خوارەوە.
لە کۆتاییدا، سوپای پاسداران جەختی کردووەتەوە، هێزەکانیان لە ئامادەباشی تەواودان بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی نوێ و ئەمریکا بە بەرپرسیاری لێکەوتەکانی هەر دەستدرێژییەک دەزانن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند؛ لەسەر فەرمانی راستەوخۆی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ، دەستیان کردووە بە وەشاندنی گورزی سەربازی لە چەند ئامانجێکی ناو خاکی ئێران. ئەمریکا ئەم هێرشانە وەک بەرگری لە خۆ وەسف دەکات.
بەگوێرەی بەیاننامەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانی و هێزی دەریایی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی کردووە، بە بەکارهێنانی تەقەمەنی ورد، چەندین شوێنیان لە نزیک گەرووی هورمز کردووەتە ئامانج، لەوانە؛ سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی ئێران، وێستگەکانی کۆنترۆڵی زەمینی و رادارەکانی چاودێری کەناراوەکان.
سێنتکۆم جەختی کردەوە، ئەم وەڵامدانەوەیە رێژەیی و هاوسەنگ بووە بەرامبەر بە خستنەخوارەوەی کۆپتەرێکی جۆری ئاپاچی ئەمریکی لە لایەن ئێرانەوە و هێرشە بەردەوامەکانی سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچەکەدا.