کارمەندێکی پێشووی مۆساد نهێنیی تەقاندنەوەی پەیجەرەکانی ئاشکرا کرد

تاوەکوو ئێستا وردەکارییەکانی تەقینەوەی ئامێری پەیجەرەکان لە لوبنان کە سەدان چەکداری حزبوڵای لوبنانی کوشت و بریندار کرد، بە نهێنی ماونەتەوە؛ ئەندامێکی پێشووی مۆساد بەشێک لەو وردەکارییانەی ئاشکرا کرد.

ئەو کارمەندەی پێشووی مۆساد کە خانەنشینە، بە دەمامکێکەوە بە ناوی خوازراوی "گابریل" ڕۆژی هەینی، 20ـی کانوونی یەکەمی 2024، بە تۆڕی سی بی ئێسی ئەمەریکی ڕاگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیجەر، لە ساڵی 2022 دەستی پێ کردبوو.

ئاماژەی بەوەش کرد "مۆساد، دوو ساڵ لەمەوبەر زانیویەتی حزبوڵلا لە کۆمپانیای گۆڵد ئەپۆلۆ لە تایوان پەیجەر دەکڕێت، بۆیە لەو کاتەدا دەستی بە پلانەکە کردوو." دەشڵێت: "ئەمە تەنها قۆناغی دووەمی پرۆسەکە بووە، کە 10 ساڵ بوو ئەو پلانە ئامادە کرابوو."

تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیجەر، کە ئامێرێکی پەیوەندی بێتەلە،  لە 18ـی ئەیلوول ڕووی دا، کە لە ئەنجامدا زیاتر لە سێ هەزار کەس پێکران، زۆرینەشیان ئەندامی حزبوڵلا بوون، کە بەشێکیشیان توانای بینینیان بە تەواوی لەدەست دا.

هەروەها دەرگای تیرۆرکردنی بۆ ئیسرائیل کردەوە، کە دیارترین سەرکردەکانی حزبوڵلای لوبنانی کوژران؛ لەوانە، لە 27ـی ئەیلوولدا حەسەن نەسروڵلا ئەمینداری گشتیی حزبوڵلای کوشت، دواتر جێگرەکەی هاشم سەفیەددین و چەندین کەسی بەرچاوی دیکەی ئەو گرووپەی کوشت.

لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیای تایوانی، گۆڵد ئەپۆلۆ، ڕەتی کردەوە ئەو ئامێرانەی بەرهەم هێنابێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment