وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا دێتە هەولێر
وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا دێتە هەولێر و ڕاوێژکار و هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان بەسەر دەکاتەوە.
ئێوارەی شەممە، 21-12-2024، گویدۆ کرۆزێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا، بە سەردانێکی فەرمی، سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەلایەن شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەوە پێشوازیی لێ دەکرێت.
وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئـاماژەی بەوە کرد: "ئامانجی سەردانەکەی وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا، بەسەرکردنەوەی هێزەکانی ئیتاڵیا و ڕاوێژکارانی سەربازی و کونسوڵخانەی ئەو وڵاتەیە لە هەرێمی کوردستان."
وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "چەندان دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان دەبێت."
دوایین سەردانی ئەو وەزیرە ئیتاڵیاییە بۆ هەرێمی کوردستان، لە 02ـی ئایاری 2023، بوو، لەمیانیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە و سەرباز و ڕاوێژکارانی سوپای وڵاتەکەی بەسەر کردەوە.
ئیتاڵیا، یەکێکە لە وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و ژمارەیەک لە ڕاوێژکارە سەربازییەکانی لە هەرێمی کوردستان و عێراق هەن و مەشق بە پێشمەرگە و سەربازانی عێراق دەکەن.