عێراق: بە ھاوكاری ھەرێمی كوردستان پابەند دەبین بە رێككەوتنی ئۆپێك

بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق گەیشتووەته‌ 2.8 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە

K24 - ھەولێر

وەزیری نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت، ئاستی هەناردەی نەوتی وڵاتەکەی گەیشتووەتە 2.8 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە.

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق لە لێداونێکدا رایگەیاند، لە بەرژەوەندی عێراقە پابەندی رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس بێت بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان.

راشیگەیاند، داوایان لە هەرێمی کوردستان کردووە، بەرزترین ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت 370 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بێت، ئەوەش بۆ هاوکاری کردنی عێراقه‌، بۆ ئەوەی پابەند بێت لە کەمکردنەوەی ئەو پشکەی لە لایەن ئۆپێک پڵەسەوە بۆی دیاریکراوە.

پێشتر وەزیری نەوتی عێراق پێشبینی كردبوو، نرخی نەوت لە نیوەی دووەمی ئەمساڵ بگاتە 40 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.