رێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداریی دەدات

بەریتانیا سێ هەزار پۆلیسی بەپەلە بڵاوەپێکرد

K24- هەولێر:

رێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداریی دەدات لەوەی، هێشتا پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زۆربەی ناوچەکان چالاکە و جێگای مەترسی گەورەیە.

لەگەڵ ئەم هۆشدارییەش، کە بەشێکی ئاراستەی بەریتانیا کرابوو، حکومەتی بەریتانیا بڕیاریدا سێ هەزار پۆلیس بخاتە سەر شەقامەکان تاوەکو سزای ئەو کەسانە بدەن کە دەمامک نابەستن.

حکومەتی بەریتانیا بڕیاریداوە، هەر کەسێک لەدەرەوەی ماڵ بێت و دەمامک نەبەستێت، بە بڕی 100 پاوەند سزا دەدرێت.

هەروەها، پۆلیس یاسای دووری نێوان دوو کەس بە دوو مەتر جێبەجێدەکەن.

رەخنەگرانی حکومەتی بەریتانیاش دەڵێن، حکومەت لە پێناو ئابووری، ژیان ئاسایی دەکاتەوە، بەڵام ئەمە ئەگەری ئەوە دروست دەکات، کارەسات روو بدات.

بەگوێرەی راپرسییەک، 67%ی خەڵکی بەریتانیا نائاسوودەن کاتێک دەچنە ناو شەمەندەفەرێک و کەسێک دەبینین دەمامکی نەبەستووە.

لە بەریتانیا 296 هەزار حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار کراوە و 46 هەزار و 698 کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

Metro