هێلیکۆپتەرێک بە چوار سەرنشینەوە خۆی بە نەخۆشخانەیەکدا کێشا

هێلیکۆپتەرێک لە تورکیا خۆی بە باڵەخانەی نەخۆشخانەیەکدا کێشا و لەئەنجامدا چوار سەرنشین گیانیان سپارد.
نزیکەی کاتژمێر 10:30 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22-12-2024، لە قەزای مەنتەشەی سەربە پارێزگای موغڵای تورکیا؛ هێلیکۆپتەرێکی فریاکەوتن، خۆی بە نهۆمی چوارەمی باڵەخانەی نەخۆشخانەی "سدقی کۆچمان" دا کێشا و تەقییەوە.
میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردووەتەوە "لە ئەنجامی ڕووداوەکەدا چوار سەرنشین کە دوو فڕۆکەوان، پزیشکێک و کارمەندێک بوون، گیانیان سپاردووە."
لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و ئەوەش زانراوە دوای ماوەیەکی کەم لە فڕینی هێلیکۆپتەرەکە، ڕووداوەکە ڕووی داوە.