دانەگاز: 156 ملیۆن دۆلارمان لە شایستە داراییەکانمان لە هەرێمی کوردستان وەرگرتووەتەوە
کۆمپانیای دانەگاز، گەورەترین کۆمپانیای کەرتی تایبەت لە بواری گازی سروشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەنجامی قازانجی نۆ مانگی یەکەمی ساڵی 2026ـی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، قازانجی پوختی کۆمپانیاکە بە رێژەی 48% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 152 ملیۆن دۆلار، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان و باشتربوونی نرخەکانی نەوت و گاز لە بازاڕەکاندا.
هەینی 6ـی تشرینی دووەمی 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوە کۆمپانیای دانەگاز، کۆی داهاتی نۆ مانگی ئەمساڵ بە رێژەی 48% هەڵکشاوە و گەیشتووەتە 377 ملیۆن دۆلار، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی 2025ـدا 255 ملیۆن دۆلار بووە. هەروەها تەنیا لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا، قازانجی پوخت بە رێژەی 50% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 45 ملیۆن دۆلار.
زیادبوونی بەرهەمهێنانی کۆرمۆر و ناردنی گاز بۆ کەرکووک
کۆمپانیای دانەگاز روونی کردووەتەوە، پڕۆژەی فراوانکردنی (KM250) لە کێڵگەی کۆرمۆر کە لە تشرینی یەکەمی 2025 تەواو بوو، توانای بەرهەمهێنانی گازی بە رێژەی 50% زیاد کردووە و گەیاندوویەتییە 750 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا. تێکڕای بەرهەمهێنانی دانەگاز لە هەرێمی کوردستان لە نۆ مانگی ئەمساڵدا گەیشتووەتە 42 هەزار و 300 بەرمیل هاوتای نەوت لە رۆژێکدا.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا کۆمپانیاکە ناردنی گازی بۆ وێستگەی کارەبای تازە لە کەرکووک دەستپێکردووەتەوە، کە ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدایە لەگەڵ وەزارەتی کارەبای عێراق بۆ دابینکردنی 100 ملیۆن پێ سێجا گاز لە رۆژێکدا، کە سەرەتا لە مانگی ئاب دەستی پێکردبوو.
پڕۆژەی کێڵگەی چەمچەماڵ و وەبەرهێنانی نوێ
سەبارەت بە پڕۆژەکانی داهاتوو لە هەرێمی کوردستان، کۆمپانیاکە ئاشکرای کرد کە پەرەپێدانی کێڵگەی چەمچەماڵ لەژێر چەتری کۆنسێرتیۆمی پێرڵ پێترۆلیۆم بە گوژمەی 160 ملیۆن دۆلار بەردەوامە. بڕیاریشە پێش کۆتایی ئەمساڵی 2026 دەست بە هەڵکەندنی بیرەکان بکرێت و لە سەرەتای ساڵی 2028 یەکەم بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی چەمچەماڵ دەست پێبکات. پێشتریش گرێبەستی درێژخایەن بۆ فرۆشتنی تا 170 ملیۆن پێ سێجا گاز لە رۆژێکدا لەگەڵ کڕیارە پیشەسازییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان واژۆ کراوە.
هاوکات لە مانگی تشرینی یەکەمدا، پێرڵ پێترۆلیۆم بە سەرکەوتوویی بڕی 500 ملیۆن دۆلار سەنەدی قەرزی پێنج ساڵەی دەستەبەر کردووە بۆ دانەوەی قەرزە کۆنەکان و بەردەوامیدان بە وەبەرهێنان لە کێڵگەکانی کۆرمۆر و چەمچەماڵ.
شایستە داراییەکان و پەیوەندی لەگەڵ حکوومەتی هەرێم
کۆمپانیای دانەگاز رایگەیاند، لە نۆ مانگی ئەمساڵدا توانیویەتی 156 ملیۆن دۆلار لە شایستە داراییەکانی لە هەرێمی کوردستان وەربگرێتەوە، بەمەش قەرزە شایستەکانی کۆمپانیاکە لە هەرێم لە کۆتایی مانگی ئەیلوولدا گەیشتووەتە 189 ملیۆن دۆلار. کۆمپانیاکە جەختی کردەوە بەردەوامە لە دیالۆگی بنیاتنەرانە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی باشترکردنی کاتی وەرگرتنەوەی شایستەکان و کەمکردنەوەی قەرزە کەڵەکەبووەکان.
ریچارد هۆڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دانەگاز لەبارەی ئەم ئەنجامانەوە گوتی: "زۆر دڵخۆشم بە ئەنجامە بەهێزەکانی چارەکی سێیەم کە بەرهەمهێنانی گرووپەکەمان 17% و قازانجی پوختمان 50% زیادی کردووە. زیادبوونی بەرهەمهێنان لە کۆرمۆر و بەرزبوونەوەی نرخەکان، داهات و قازانجی بە بەرچاوی بەرزکردووینەتەوە. هەروەها پەرەپێدانی کێڵگەی چەمچەماڵ وەک پڕۆژەی گەورەی داهاتوومان هەنگاوی باشی بڕیوە. لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش بەردەوامین لە گفتوگۆ بۆ رێکخستنی شایستە داراییەکان و کەمکردنەوەی قەرزەکان."
لە میسریش بەرهەمهێنانی دانەگاز بە رێژەی 10% هەڵکشاوە و گەیشتووەتە 13,500 بەرمیل هاوتای نەوت لە رۆژێکدا، هەروەها سەرجەم شایستە داراییەکانی نۆ مانگی ئەمساڵی کە 74 ملیۆن دۆلار بووە وەرگرتووەتەوە بێ ئەوەی هیچ قەرزێکی دواکەوتووی لەو وڵاتەدا مابێتەوە.