وەزیری پێشمەرگە: دوو ناوچەی سەرکردایەتیی دادەمەزرێنین بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە
لە کۆبوونەوەیەکی وەزیری پێشمەرگە کە تیمێکی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان بەشدارییان تیایدا کرد، بڕیاری دامەزراندنی دوو ناوچەی سەرکردایەتیی لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە درا.
ئەمڕۆ 22ـی کانونی یەکەمی 2024، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی باڵای لە وەزارەتی پێشمەرگە کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا، کە عەبدولخالق بابیری،بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە و فەریق روکن عیسا عوزێر،سەرۆکی ئەرکان و لیوا روکن بەختیار محەممەد، ئەمینداریی گشتیی، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی 70 و 80ــی هێزی پێشمەرگە و فەرماندەی فیرقەی 2 و 4ـی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە و کۆڵۆنێڵ براندستێتەر، بەرپرسی تیمی راوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و تیمی یاوەری، ئامادەبوون.
بڕیار لەبارەی پرۆژەیەکی ئامادەکراو درا بۆ دامەزراندنی دووناوچەیی سەرکردایەتیی کە لە 11 فیرقەی سەربازیی پێکهاتوون لەژێر سەرکردایەتی و کۆنترۆڵی وەزارەتی پێشمەرگەدا دەستبەکاردەبن.
وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند: دوو ناوچەیی سەرکردایەتیی دادەمەزرێنین بۆ ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ژێر سەرکردایەتی وەزارەتی پێشمەرگەدا کاروبارەکانیان ڕێکدەخەنەوە و دەستپێکی قۆناغێکی نوێ دەبێت بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، بە گرنگیەوە باس لە دامەزراندنی ژێرخانی سەربازیی وەزارەتی پێشمەرگە کرا، بەشداربووانی کۆبوونەوەکە هاوڕابوون لەسەر ئەوەی ئەم ژێرخانە پاڵپشت و پشتیوانی وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت لە بنیاتنانی هێزێکی نیشتمانی یەکگرتووی کوردستانی کە پارێزگاری لە خەڵک و خاکی کوردستان دەکات لە هەر مەترسییەک لە ئێستا و ئایندەدا ئەگەر رووبەروومان بێتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری دەستەکاربوونی هەردوو ناوچەی سەرکردایەتی درا کە هەموو هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی تێدا رێکدەخرێتەوە، لە چوارچیوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا جێگیردەبن لە سەرەتای ساڵی 2025وە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، بە کۆی دەنگی هەمووان رەزامەندی درا لەسەر بنیاتنانی بنەماکانی یەکەیەکی یەکگرتووی ژمێریاری سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان.