کۆریای باکوور ناوەندی چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ باشوور تەقاندەوە

دووکەڵ بەرزدەبێتەوە

K24- هەولێر:

ئاژانسی یونهاپ بڵاویکردەوە، تەقینەوەیەک لە شاری سنووری کایسۆنگ روویداوە و دووکەڵێکی زۆر لە کۆریای باکوور بەرزدەبێتەوە.

ئاژانسەکە ئاشکرایکردووە، گومان دەکرێت کۆریای باکووری نووسینگەی هاوبەشی نێوان هەردوولا لەناوچەی پیشەسازی هاوبەش لەسەر سنوور تەقاندبێتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوو رۆژ لەمەوبەر، خوشکی کیم جونگ ئونی سەرۆکی کۆریای باکوور، هەڕەشەی تێکشکانی ئەو ناوچەیەی کردبوو.

لای خۆیەوە وەزارەتی یەکگرتنەوەی کۆریای باشوور بڵاویکردەوە، کۆریای باکوور نووسینگەی کایسۆنگی تەقاندووەتەوە کە تایبەتە بە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەردوولا.

بەهۆی زیادبوونی گرژییەکانی هەردوولا، پێشتر فەرماندەی گشتی سوپای کۆریای باکوور رایگەیاندبوو، سوپا بیر لەوە دەکاتەوە جارێکی دیکە بچێتەوە ئەو ناوچانە کە لە ساڵی 2018 لە رێگای رێککەوتن بە ناسەربازیی کراون.

ئەم ئاڵۆزیانە لە کاتێکدان، ئەمەریکا و کۆریای باکوور بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ، لە ساڵی 2018 رێککەوتن و نێوانی باکوور و باشووریش بەرەو ئاسایی بوونەوە دەچوو.