بەریتانیا بە هەمیشەیی ڕێگە لە ئەسما ئەسەد دەگرێت

ئەسما ئەسەد، هاوسەری بەشار ئەسەد
ئەسما ئەسەد، هاوسەری بەشار ئەسەد

حکوومەتی بەریتانیا  دەیەوێت بە هەمیشەیی ڕێگە لە ئەسما ئەسەدی هاوسەری بەشار ئەسەدی سەرۆکی ڕووخاوی سووریا بگرێت بێتە نێو خاکەکەی، ئەو بڕیاڕەی بەریتانیا دوای ئەو هەوڵانە هات کە ئەسما ئەسەد دەیەوێت بینێت بۆ چوونە نێو خاکی بەریتانیا.

ئەسما ئەسەدی تەمەن 49 ساڵە، لەگەڵ هاوسەرەکەی بەشار ئەسەد، سەرۆکی ڕووخاوی سووریا، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، دوای 24 ساڵ لە حکوومڕانی، لە دیمەشقی پایتەختی سووریاوە بەرەو مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا هەڵاتن.

پاش ئەوەی دەنگۆی لێک جیابوونەوەی ئەسما ئەسەد لە بەشار ئەسەد بڵاوبوویەوە، لەندەن هەست بەوە دەکات ئەسما ئەسەد ڕوو لە وڵاتەکەی بکات، بەلای بەریتانیاش، خانەوادەی ئەسەد بە تاوانی مێژوویی قێزەوەن دژ بە گەلەکەی خۆیان تاوانبارن، بۆیە بەریتانیا لەسەروو بەندی ئەوەدایە بڕیارێک دەربکات، خاکەکەی لە ئەسما ئەسەد بە هەمیشەیی قەدەغە بکات.

ئاژانسەکانی هەواڵی تورکیا بڵاویان کردەوە، ئەسما ئەسەد کە لە نۆرس ئەکتۆنی رۆژئاوای لەندەن لەدایک بووە، داواکاریی لێک جیابوونەوەی لە بەشار ئەسەد پێشکەش بە دادگا کردووە، بیر لەوەش دەکاتەوە بگەڕێتەوە بەریتانیا، ئەسما خاوەنی هەردوو ڕەگەزنامەی بەریتانی و سوورییە، چارەسەریی نەخۆشی شێرپەنجەش وەردەگرێت.

دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، تەواوی سامانی دارایی ئەسما ئەسەد لە بەریتانیا بلۆک کرا، وەک بەشێک لە سزاکانی یەکێتی ئەورووپا کە لە ئاداری2012 بەسەریدا سەپێندراوە، ئەمەش وەک بەشێک لە وەڵامدانەوەی هەموو ئەو تاوانە بێ وێنانەی ڕژێمی بەشار ئەسەد دژی گەلەکەی ئەنجامیداوە.

هەرچەندە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕەتی کردەوە پاسپۆرتی بەریتانیا لە ئەسما ئەسەد وەربگیرێتەوە، بەڵام دوێنێ ئەندامانی پەرلەمانی بەریتانیا مەترسیی خۆیان نیشاندا لە ئەگەری دووبارە گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکەیان دوای ئەو هەموو ساڵ تاوانکارییەی کردوویانە.

ڕۆبێرت جێنریک، وەزیری دادی حکوومەتی سێبەری بەریتانیا بۆ ڕۆژنامەی(تەلیگراف) ئاشکرای کرد، ناکرێ هاوسەری کەسێک بگەڕێتەوە بەریتانیا کە چەندین ملیۆن هاووڵاتی لەسایەی زوڵم و زۆرداری ئەوان ئازاریان چەشتووە.

ڕۆبێرت جێنریک دەڵێت: حکوومەتی بەریتانیا سزاکانی بەسەر ئەسما سەپاندووە، بەهۆکاری ئەوەی، خانەوادەی ئەسەد بەرپرس بوون لە توندترین ئەو تاوانانەی بەدرێژایی مێژووی نوێ نەکراوە.

پێشتر، دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاند: ئەسما ئەسەد ئامادەیە بۆ هەموو سزایەک، ئەو لە بەریتانیا پێشوازیی لێناکرێت.

دوێنێ دووشەممە 23ـی کانوونی یەکەمی 2024، دیمیتری پیسکۆف، گوتەبێژی کرملین هەموو دەنگۆیەکانی ئاژانسەکانی هەواڵی تورکیای ڕەت کردەوە لەبارەی ئەسما ئەسەد کە گوایە مۆسکۆ بەجێدێڵێت.

 
Fly Erbil Advertisment