جەژنی لەدایک بوونی حەزرەتی مەسیح لە کوردستان بەڕێوەدەچێت
مەراسیم و سرووتی جەژنی لەدایک بوونی حەزرەتی مەسیح(دروودی خوای لەسەر بێت) لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان بەڕێوەدەچێت، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش بەو بۆنەوە پیرۆزبایی لە کریستیان و مەسیحیانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکات.
بەبۆنەی ڕۆژی لەدایک بوونی حەزرەتی مەسیح سەلامی خوای گەورەی لەسەر بێت، لە کڵێسایەکی شاری کۆیە مەراسیمی جەژن بەڕێوەدەبرێت، هاوتا لەگەڵ تەواوی ئەو شارۆچکانەی کوردستان مەراسیمەکانی ئەو جەژنە لە دێر و کڵێساکان بە ئامادەبوونی هاووڵاتییانی کریستیان و مەسیحی بەڕێوەدەبرێت.
سێشەممە 24ـی کانوونی یەکەمی 2024، بەبۆنەی جەژنی لەدایک بوونی حەزرەتی مەسیح، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی کریستیان و مەسیحیانی کوردستان و عێراق و جیهان کرد و لە پەیامەکەیدا دەڵێت: كوردستان هەمیشە نیشتمانی پێکەوەوەژیانی ئایین و ئایینزای جۆراوجۆر بووە، پێویستە هەموومان زیاتر پەرە بە کولتووری پێکەوەوەژیانی ئاشتییانە و پتەوکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و برایەتی و تەبایی نێوان گشت پێکهاتەکانی کوردستان بدەین.
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا بە بۆنەی جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح (دروودی خوای لەسەر بێت)، پیرۆزبایی لە کریستییانەکانی کوردستان و عێراق و جیهان کردووە و هیوای جەژن و پشوویەکی ئارام و پڕ لە شادیانی بۆ خواستووە.