نەتەوە یەکگرتووەکان: لە عێراق گەندەڵکاران سزا نەدراون
نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لــە دوو ساڵی ڕابردوودا چاودێریی 600 دۆسیەی گەندەڵییان لە دادگاکانی عێراق کردووە، بەڵام نیگەرانن لەوەی "گەندەڵکاران سزا نەدراون."
لە دووی ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 600 دۆسیەی گەندەڵی لە دادگاکانی عێراق هەڵدراونەتەوە؛ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕایگەیاند: "بە وردی چاودێریی ئەو دۆسیانەمان کردووە، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچیان بە ئەنجام نەگەیشتوون و گەندەڵکاران وەک پێویست و بەپێی یاسا رووبەڕووی سزای نەکراونەتەوە، ئەمەش ڕێگە خۆشکەر بووە بۆ ئەوەی گەندەڵی زیاتر بێت."
موفید سەعید، یاساناس بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "باڵادەستیی حزبەکان بە سەر دادگا و لێکۆڵینەوەکان، کاریگەری خراپی کردووەتە سەر ڕێوڕەوی یاسا بۆ لێپێجینەوە لە گەندەڵکاران، یەکلایی کردنەوەی دۆسیەی گەندەڵی دەبێت بە خێرایی بکرێت تاوەکوو کەس کاتی ئەوەی نەبێت دەستێوەردان بکات و دادگاکانیش سەربەخۆ بکرێن بۆ سزادانی گەندەڵکاران."
بەپێی ئامارە جیهانیەکان، عێراق لە ڕیزبەندی 9یەمین وڵاتە بۆ بە هەدەردانی پارەی گشتی کە تاوەکوو ئێستە 450 ملیار دیناری لە ڕێگەی گەندەڵییەوە بە هەدەر دراوە، هەرچەندە دەستەی گشتی دەستپاکی ماوەی سێ ساڵ کار بۆ گەڕانەوەی پارە دزراوەکانی دەکات، بەڵام بەدەستێک وەری دەگرێتەوە و بەدەستەکەی تر لێی دەبرێت.
قەیس نەجم، شرۆڤەکاری سیاسی ئاماژەی بـــەوە کرد: "گەندەڵی بووەتە هۆی ئیفلیج بوونی ژیان لە عێراق بە گشتی نەک تەنها لە ڕووی ژێرخانی ئابووری و ئاوەدانکردنەوە، حکوومەت ئەبێت جددی تر بێت بۆ سەپاندنی یاسا بەسەر گەندەڵکارانەوە و سزاکانیش بە گوێرەی قەبارەی گەندەڵییەکە بێت."